مەسرور بارزانی: لە تاران هاوخەمی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆكی ئێران و یاوەرانی دەربڕی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند كە هاوخەمی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆكی ئێران و یاوەرانی دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پرسەی سەرۆك كۆماری ئێران و یاوەرانی، سەردانی تارانیان كرد.

شاندە باڵاكە هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ناوخۆ.

دوای بەشداریكردن لە پرسەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند “ئه‌مڕۆ له ‌تاران هاوخه‌می خۆمان بۆ گیانله‌ده‌ستدانی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و یاوه‌رانی ده‌ربڕی.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی تری پارێزگای تەورێز و ئازەربایجانی رۆژهەڵات، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی بەنداوێك لەسەر رووباری ئاراس لە پارێزگای تەورێز كرد.

دوای بەشداریكردنیان لە ڕێوڕەسمەكە، ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی بە هێلیكۆپتەر گەڕانەوە، بەڵام لە ڕێگەدا هێلیكۆپتەرەكەیان كەوتەخوارەوە.

دوای هەڵمەتی گەڕان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە سەرۆكایەتی ئێران دۆزینەوەی هێلیكۆپتەرەكەی رەئیسی و یاوەرانی راگەیاند و هەروەها گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینەكانی ناوی راگەیاند.