هۆكاری مردنی بەكۆمەڵی نەورەسەكان ئاشكرا كرا

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پشكنینی بۆ مرداربوونەوەی بەكۆمەڵی نەورەسەكان لە دەریاچەی دۆكان كرد بۆی دەركەوت كە بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندەوە مرداربوونەتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەگوێرەی ئەو پكشنینانەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەنجامیداوە، دەركەوتووە كە نەورەسەكانی دۆكان بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە بەكۆمەڵ گیانیان لەدەستداوە.

گوتیشی: لەبەر ئەوەی پەتاكە لە دوورگەیەكی بچووكی دەریاچەی دۆكان بڵاوبووەتەوە، هیچ مەترسییەكی بۆ مرۆڤ و پەلەوەرانی دیكە نییە، چونكە دوورگەكە و نەورەسەكان هیچ بەركەوتنێكی راستەوخۆیان لەگەڵ گوند و ناوچەكانی دەوروبەریدا نییە.

هەروەها گوتی: بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەدروستی و دامودەزگاكان لە پارێزگاكان، هەموو رێكارێكی پێویست بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە گیراوەتە بەر.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا كە لە بەدواداچوونەكان، خۆشبەختانە دەركەوتووە هیچ پڕۆژەیەكی پەلەوەر لە دەوروبەر و نزیكی دوورگەی نەورەسەكان نییە و هەروەها هیچ پەلەوەرێكی گوندەكانی دەوروبەریش تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە نەبوونەتەوە.

جەختیشی كردەوە كە ئێستا دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و نەورەسەكانی دەریاچەی دۆكان لە تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە پارێزراون و باشن