وەزارەتی کشتوکاڵ شەش ڕێنمایی بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون  بڵاو دەکاتەوە

      


وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەش ڕێنمایی بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوکردوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە پێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکرێن.

یەکەم:  پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: پێویستە لە خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.

پێنجەم:  وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

شەشەم:  کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە  دەرەوە و نێو هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 22ـی ئایاری 2024)، ته‌ندروستیی ئاكرێ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، دوو حاڵه‌تی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون له‌ قه‌زاكه‌ تۆماركرا، تووشبووێك ته‌مه‌نی 48 ساڵ بوو، دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دهۆك و پاشان بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر، دواجار گیانی سپارد

هه‌روه‌ها ته‌ندروستی ئاكرێ ڕاشیگه‌یاند، تووشبووی دووه‌م، ته‌مه‌نی 60 ساڵه‌  و ته‌ندروستیی جێگیره‌ و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراوە.

ھەواڵی زیاتر