سەرۆکی هاوپەیمانی حاموڕابی لەبارەی گەڕاندنەوەی 5 کورسی کۆتاکان گوتی، “نسکۆیەکی گەورەیە سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان”، “ئەگەر هەڵوێستی سەرۆک بارزانی نەبوایە، ئەو پێنج کورسیەشمان نەدەبینییەوە”.
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی حامورابی، ڕاگەیاند، “ئێمە ئەو بڕیارە ڕەت ناکەینەوە، بەڵام نسکۆیەکی گەورەیە سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، کورسییەکانی “ئەرمەن، ئاشوور، کریستیان و کلدان” بۆ کەمتر لە نیوە کەم کرایەوە، واتە لە 5 کورسی کردوویانەتە دوو کورسی، ئەو دووکورسیەشیان پارچە پارچەکردووە”.
ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش کرد، “بوون و دیمۆگرافیای ئێمە لە سەدا 99 ، لە هەولێر و دەڤەری بادینانە، هەروەها نزیکەی 200 گوندمان تەنیا لە دەڤەری دهۆک هەیە، بەڵام لە دەڤەری هەڵەبجە و سلێمانی یەک گوندیشمان نییە، هەروەها لە دەڤەری هەولێر و دهۆک 52 قوتابخانەی زمانی سریانیمان هەیە کە نزیکەی 7 هەزار قوتابی زمانی سریانی تێیدا دەخوێنێن و 650 مامۆستا و ستافی پەروەردەی زمانی سریانین، بە پێچەوانەوە لە سلێمانی و هەڵەبجە یەک قوتابخانەی زمانی سریانی نییە”.
سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی ئاماژەی بەوەش دا، “ئێمە نزیکەی 12 هێزی سیاسیمان هەیە، یەک بارەگای ئەو هێزە سیاسییانە لە دەڤەری سلێمانی نییە، ئەمەش تاوانی پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو دیموگرافیای ئێمەیە کە لە پێش بوونی ئەو دوو حزبە بوونی هەیە”.
ڕاشیگەیاند، “ئەگەر هەڵوێستی سەرۆک بارزانی نەبوایە، ئەو پێنج کورسیەشمان نەدەبینییەوە”، ئەوان بڕیاریان دابوو مافی پێکهاتەکان بسڕنەوە، بەڵام ئێمە کۆبوونەوەمان ماوە، هەروەها هاوپەیمانی حامورابی هاوپەیمانیەکی گەورەتری پێک هێناوە بەناوی “هاوپەیمانیی مەسیحی”، بۆیە ماوە بڕیاری خۆمان بدەین کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین یان نا.
دوێنێ سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمان و دهۆک دابەش دەکرێن.
پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاری دابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.