ڕۆژی سێشەممە 21ـی ئایاری 2024 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی جێگرانی پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ئەندازیارانی سەرپەرشتی پرۆژەكە، بەردی بناغەی پاركی ڕەشكینی دانا، كە ڕووبەرەكەی 120 هەزار مەترە و بە تێچووی 15 ملیار دینار، بە دوو قۆناغ تەواو دەکرێت.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: پێش ساڵێك ئەم شەقامەی ئێرە، نەگونجاو و خراپ بوو، كە چەندین ڕووداوی هاتوچۆی نەخوازراوی تێدا ڕوویان دابوو، هەروەها ئەو دامەزراوانەی لەم ناوچەیە بوون، وەكوو پێویست نەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا دەبینین لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئێرە خاوێن كرایەوە و شەقامێكی دوو سایدی جوانی لێ دروست كرا و ئەو خەڵكەش كە لێرە بوون، لە شوێنی تر قەرەبوو كرانەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، بەڵێنێكی حكومەتی بە بیر هێنایەوە و گوتی: پێشتر بەڵێنی ئەوەمان دابوو، ئێرە دەبێتە پاركێكی نموونەیی بە ناوی پاركی ڕەشكین و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن نووسینگەی جەنابیانەوە بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو پاركە دابین كرا و دوای ئەوەی چەند دیزاینێك دانرا، باشترین دیزاین هەڵبژێردرا كە ئەمڕۆ بەردی بناغەی دادەنێین.
پرۆژەی پاركی ڕەشكین، بە دوو قۆناغ لەسەر ڕووبەری 120 هەزار مەتر جێبەجی دەكرێت، كە تێچووی هەردوو قۆناغەكە 15 ملیار دینارە.
لە قۆناغی یەكەمدا بە تێچووی 6 ملیار و 800 ملیۆن دینار، شەش بڕگەی پرۆژەكە دروست دەكرێت، كە بریتییە لە پەرژین بە درێژایی 1600 مەتر، گەراجی ئۆتۆمبێل، دوو كافتریا، ڕێڕەوی غاردان و پایسكل، دوو عەمباری ئاو، بە قەبارەی 300 مەتر سێ جا، لێدانی دوو بیری ئیرتوازی بە قووڵایی 300 مەتر، سیستەمی كارەبا و ڕووناككردنەوە، لەگەڵ كاری كشتوكاڵ و سەوزكردن و چاندنی دەیان هەزار درەخت و فریز و چیمەن.
ساسان عەونی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەوەشی گوت: ئێمە جارێكی تر بەڵێنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێنماییەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت دووپات دەكەینەوە، كە هەر كوێیەكی كوردستان پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت، دەستی ئاوەدانیی هەموو فەرمانگەكانی حكومەتی دەگاتێ و داخوازییەكانی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكرێن.
لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەختی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان کردووەتەوە و بۆ ئەمەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ كردووە.