فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە ھەولێر کرد

دوێنێ لە بارەگاى مەکتەبى سیاسىیی پارتی، فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پێشوازى لە (مکسیم روبین) کونسوڵى گشتیی دەوڵەتى ڕوسیا فیدراڵ لە هەولێر کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى تیشکى خستە سەر پەیوەندى مێژوویى لە نێوان ڕوسیا و گەلى کوردستان و سوپاسى دەوڵەتى ڕوسیاى کرد بۆ پێشوازى لە بارزانى نەمر و هاوڕێبازەکانى بۆ ماوەى (١٢) ساڵ. هەروەها پێدانى ڤیزاى خوێندن بۆ ژمارەیەکى بەرچاو بۆ ئەندامانى شۆڕشى کوردستان.
میرانى دوپاتى کردەوە کە پەیوەندییەکان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لەگەڵ حکوومەت و گەلى ڕوسیا بەهێزتر دەبێت و هیواخوازین ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش بڕۆن.
فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پوختەیەکی لەسەر ڕەوشى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى و عێراقى فیدراڵ بەگشتى پێشکەش کرد.
هەروەها میرانى ئاماژەى بەوەدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە عێراقى فیدراڵ مەبدەئى (سازان و هاوسەنگى و هاوبەشى) تێکدراوە و کارى پێ ناکرێت و ڕێکەوتنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدراڵ کارى پێ ناکرێت و ئەمە پاشەڕۆژى عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
لە بارەى ڕەوشى ناوخۆى هەرێمى کوردستان فازڵ میرانى دوپاتى کردەوە کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت و هەموو لایەنەکانى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن کۆکن و هەر ئاریشەیەکیش هەبێت ئەتوانین بە لەیەکتر تێگەیشتن چارەسەر بکرێت.
لەلاى خۆیەوە (مکسیم روبین) کونسوڵى گشتى دەوڵەتى ڕوسیای فیدراڵ لە هەولێر سوپاسى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە و تیشکى خستە سەر پەیوەندى دوو قۆڵى لە نێوان گەلى ڕوسیا و گەلى کوردستان و بە مێژوویى و سەرکەوتووی وەسف کرد.
هەروەها خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە کارەکانى لە هەولێرى پایتەخت و هیواى خواست کوردستان هەر لە پێشکەوتن و سەرکەوتندا بێت.