لە بارزان دیداری ئەشکەوتی شانەدەر کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە بارزان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و حکوومی، توێژەر و پسپۆرانی ناوخۆیی و بیانی لەبواری شوێنەوار دیداری شانەدەر ڕێکخرا، لەو دیدارەدا باس لە ئەنجامە نوێیەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و چۆنیەتی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان و ئەو ئافرەتەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەفتا و پێنج ھەزار ساڵ بەر لە ئێستە کە لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە، ناونراوە شانەدەر زێت کرا.

بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، دەڵێت: ئەشکەوتی شانەدەر، کوردستانی زیاتر بە دونیا ناساند. دەشڵێ: لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانی دەمانەوێت ئەشکەوتی شانەدەر بکەینە پارکێکی گەشتیاری شوێنەواری، ئەوەش وا دەکات گەشتیارانی ھەموو جیھان سەردانی کوردستان و ئەشکەوتەکە بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، لە ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان، مەلامستەفا بارزانی بەشداری لە دیداری شانەدەر زێت کرد، کە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو.
لە دیدارەکەدا ھەریەکە لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، حەمە سەعید حەسەن وەزیری ڕۆشنبیری و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و فەریق سیھاد بارزانی و ژمارەیەک لە کونسولی وڵاتان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی و سەربازی و میوانانی بیانی و نێوخۆیی بەشداربوون.
لە دیدارەکەدا توێژەرانی بواری شوێنەوارزانی کە لە لایەن پرۆفیسۆر گرایم بارکەر لە زانکۆی کامبریجەوە سەرپەرشتی کراون، تیشکیان خستە سەر ئەنجامە نوێیەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و چۆنیەتی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان و ئەو ئافرەتەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەفتا و پێنج ھەزار ساڵ بەر لە ئێستە کە لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە، ناونراوە شانەدەر زێت.
ئەشکەوتی شانەدەر یەکێک لە گرنگترین ئەشکەوتەکانی چاخی بەردینی کۆنە و بۆ یەکەمجار لەلایەن پڕۆفیسۆری شوێنەوارناس ڕاڵف سۆلیکی لە ساڵی ١٩٥١ تا ساڵی ١٩٦٠ پشکنیکی بۆ کرا، دوایین پرۆسەش لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی بەسەرپەرشتی پڕۆفیسۆر گرایم بارکەر بوو، لە تەواوی گەڕانە زانستییەکان تا ئێستە پاشماوەی ئێسک و پروسکی یازدە مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە.
عەبدولوەھاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، دەڵێت: ئەو دیدارەمان سازکرد بۆ دوو ئامانج بوو، ئامانجی یەکەم ئەو ئەنجامە نوێیانەی کە تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی کە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستە ئەنجام دراوە، ئەنجامەکان بەوردی خرانەڕوو، ھەروەھا بابەتی دووەم ئەوە بوو کە سەبارەت بەو دیکۆمێنتارییەی کە کرابوو دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنا کە ببووە سەردێری مانشێتی ھەموو ھەواڵە جیھانییەکان دەستکەوتەکانی شانەدەر ھەموو شتێکی تێکشکاندن و کوردستانی زیاتر بە دونیا ناساند.
دەشڵێ: لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانی دەمانەوێت ئەشکەوتی شانەدەر بکەینە پارکێکی گەشتیاری شوێنەواری کە مۆزەخانەیەک لە خۆ دەگرێت ئەو کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتەکەدا دۆزراونەتەوە لەو مۆزەخانەیە نمایش دەکرێن و ھەڵدەگیرێن، ئەوەش وا دەکات خەڵکی ھەموو جیھان سەردانی کوردستان و ئەشکەوتی شانەدەر بکەن و لە نزیکەوە کەللەسەری شانەدەر زێت و کەلوپەلەکانی دیکە ببینن.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، دەشڵێ: پێشتر دەگوترا مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەشێوەی ھەرەمەکی ژیاوە، بەڵام ئەنجامەکان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی بووە، بە ھەست و سۆز بووە، ھەروەھا لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکی بەھێزی ھەبووە، ئامێر سازبووە، تەنانەت کەلوپەلی جوانکاریشی دروستکردووە.
ئێما پێمێرۆی، توێژەر لە زانکۆی کامبریجی بەریتانی، کە بەشداری کرد لە دوایین دۆزینەوە و پاشانیش دروستکردنەوەی کەللەسەر و ڕووخساری ئەو ئافرەتەی کە بە شانەدەر زێت ناسراوە، باس لە وردەکاری و گرنگی دۆزینەوەکە دەکات و دەڵێت: ئەوەی دۆزیومانەتەوە بەشی سەرەوەی ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ بووە، لەڕێگەی دۆزینەوەی کەللەسەری ئەو ئافرەتە زۆر شت فێر بووین، ئەویش شێوازی ژیانی نیاندەرتاڵەکان، یەکێک لە شتە زۆر تایبەتەکانی ئەو مرۆڤانە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مردووکانیان، بەڵگەمان دۆزیوەتەوە لەبارەی خۆراک و شوێنی خواردن و کەرەستەکانیان، بۆیە دۆزینەوەی شانەدەر زێت بەشێکە لە گۆڕانی شێوازمان لە تێگەیشتنی مامەڵەی نیاندەرتاڵەکان سەد ساڵ پێش ئێستە خەڵک بڕوای وابوو نیاندەرتاڵەکان زۆر زیرەک نەبوونە و لە ئەشکەوتەکان زۆر بە سادەیی ژیاون، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی کە دۆزیومانەتەوە ئەوان زۆر ئالۆز بوونە و زۆر جیاواز نەبوونە لە ئێمە.

ھەواڵی زیاتر