ئاوات شێخ جەناب: لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی گەیشتووینەتە رێككەوتن

وەزیری دارایی و ئابووری لەمیانەی كردنەوەی خولێك بۆ فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتەكەیان رایگەیاند كە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.

ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، خولێک بۆ فەرمانگەکانی تمویل زاتی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان كرایەوە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە كاتی پێشكەشكردنی گوتەیەك بە پێویستی زانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات خۆیان لەگەڵ سیستەمەكە بگونجێنن.

ڕوونیشی کردەوە كە لە دەرئەنجامی ئەو ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هاتۆتە ئاراوە، پێویستە بە زووترین کات ئەو فەرمانگانەی تمویل زاتین جیابکرێنەوە و هاوشێوەی عێراق کار بەسیستەمی ژمێریاری تایبەت بە تمویل زاتی بکەن.

وەزیری دارایی گوتیشی كە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە سەر ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتونەتە ڕێکەوتن بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.

خولی تمویل زاتی لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری فەرمانگە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوەتەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەردەوام دەبێت

ھەواڵی زیاتر