فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە ھەولێر کرد

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە مکسیم روبین، کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە ھەولێر کرد، ھەر لە دیدارەکەدا میرانی دووپاتی کرد کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کۆکن و ھەر ئاریشەیەکیش ھەبێت ئەتوانین بە لەیەکتر تێگەیشتن چارەسەر بکرێت.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە (مکسیم روبین) کونسوڵی گشتی دەوڵەتی ڕووسیای فیدڕاڵ لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنێک دا فازڵ میرانی وێڕای بەخێرھێنانی تیشکی خستە سەر پەیوەندی مێژوویی لە نێوان ڕووسیا و گەلی کوردستان و سوپاسی دەوڵەتی ڕووسیای کرد بۆ پێشوازی لە بارزانی نەمرو ھاوڕێبازەکانی بۆ ماوەی (١٢) ساڵ و ھەروەھا پێدانی ڤیزای خوێندن بۆ ژمارەیەکی بەرچاو بۆ ئەندامانی شۆڕشی کوردستان.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، دووپاتی کرد کە پەیوەندیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ حکوومەت و گەلی ڕووسیا بەھێزتر دەبێت و ھیواخوازین ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش بڕۆن.

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پوختەیەک لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراقی فیدڕاڵ بەگشتی پێشکەشکرد.

ھەروەھا میرانی ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیار تێدەپەڕێت و لە عێراقی فیدڕاڵ مەبدەئی (سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی) تێکدراو کاری پێ ناکرێت و ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ کاری پێناکرێت و ئەمە پاشەڕۆژی عێراق دەخاتە مەترسی.

لە بارەی ڕەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی دووپاتی کرد کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کۆکن و ھەر ئاریشەیەکیش ھەبێت ئەتوانین بە لەیەکتر تێگەیشتن چارەسەر بکرێت.

لەلای خۆیەوە (مکسیم روبین) کونسوڵی گشتی دەوڵەتی ڕووسیای فیدڕاڵ لە ھەولێر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو تیشکی خستە سەر پەیوەندی دوو قۆڵی لە نێوان گەلی ڕووسیاو گەلی کوردستان و بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرد.

ھەروەھا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کارەکانی لە ھەولێری پایتەخت و ھیوای خواست کوردستان ھەر لە پێشکەوتن و سەرکەوتن دا بێت.

ھەواڵی زیاتر