سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی کرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیان کرد.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی “قووڵ”ـی خۆی ئاراستەی ڕێبەرایەتی و حکوومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، بۆ کۆچی دوایی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردبوو، “لە خوای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و سەبر و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی ئێران بە گشتی ببەخشێت. لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە”.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری كۆچكردووی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن.