دادگای فیدراڵی بڕیاریی پێدانی پێنج کورسی بە پێکهاتەکان پەسەند کرد

دادگەی باڵای فیدراڵیی بڕیاری دەستەی دادەوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێدانی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بە پێکهاتەکان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەماندا، پەسەند کرد.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی 95 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، دوای ئەوەی پێنج کورسی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە بۆ پێکهاتەکان تەرخان کران.

ئایدن مەعروف: بڕیاری پێدانی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان ڕەتدەکەینەوە

لەلایەن خۆیەوە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوت، “بەو بڕیارە ڕازی نین، لە بەر ئەوەی بوونی پێکهاتەکان و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگە.” ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ئێستادا پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، هەروەها دەبێت زیاتر مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت”.

وەکو ئەوەی ئایدن مەعروف ئاماژەی پێ دا، “ئەو بڕیارەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سیاسی دەزانین. دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای جوگرافیا و کەمکردنەوەی بۆ پێنج کورسی، کەمکردنەوەیە لە هەیبەتی نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان”.

بە گوتەی ئایدن مەعروف، “بڕیارەکە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بووە. ئێمە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین، چونکە ئەو بڕیارەی ئێستا دراوە، ماف و داواکارییەکانی نوێنەرانی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە. هەروەها ئێمە پێشتر داوای گەڕاندنەوەی 11 کورسی کۆتامان کردبوو، ئەو دابەشکردنەش بەو جۆرە زۆر هەڵەیە”.