فازڵ میرانی پێشوازی لە جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕێکخستنی عێراق کرد

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ ميرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە خالد الاسدی جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕێکخستنی عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا کە هوشیار زێباری و سیداد بارزانی و محمود محمد ئەندامانی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی و د.کمال کەرکوکی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەى بوون، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی وێرای بە گەرمی بە خێرهێنانی شاندی میوان تیشکی خستە سەر پەیوەندی دووقۆڵی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕێکخستنی عێراق و بە پەیوەندی مێژوویی وەسف کرد.
میرانی دوپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی ڕەسەنە و خاوەن ڕێکخستنى خۆرسکە و خاوەن مەرجەعە و بە واقعی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات و پەند لە رابردوو وەردەگرێت و دەخرێتە خزمەتی هەنگاوەکانی ئایندەدا.
میرانی تەئکیدی کرد کە عێراقی فیدراڵ لەسەر مەبدەئی (سازان و هاوسەنگى و هاوبەشى) عێراقی تازە بۆنیاد نراو هەموو لایەکانی عێراق لەسەر ئەم چەندە ڕێککەوتن بەڵام دەبینین ئێستا پاشەکشە لەم مەبدەئە دەکرێت و ئەمە لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی عێراقدا نابێت و دەبێت هاوهەڵوێستی لایەنەکا بۆ خزمەتی باڵای عێراقی فیدراڵ بێت.
هەروەها میرانی دوپاتی کردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سالی ٢٠٠٣ بۆ دانانی حکوومەتى تازەی عێراقى فیدراڵ باشترین ئەندامانى سەرکردایەتى پارتى ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەى حکوومەتێکى بەهێز و سەرکەوتوو دابمەزرێت و دەبێت لە ئێستاش دا پاڵپشتی لە حکوومەتی سودانی بکەین و یارمەتی دەربین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و پاراستنی هاووڵاتیبوونی هاووڵاتیان لە عێراقی فیدراڵدا لە ئەرکی پێشینەمان دابێت.
فازڵ میرانی دوپاتی کردەوە کە لە عێراق دەستورێک هەیە و هەموو لایەنەکان ڕازی بوون لەسەری و پابەندبوون بەم دەستورە و ئەرکە لەسەر هەموو لایەنەکان و نابێت بە ئارەزوومەندانە بڕگەکانى دەستور جێبەجێ بکرێت و ئەم چەندە دەبێتە جێگاى مەترسی لەسەر عێراقى فیدراڵ و لە بەر ئەوەى عێراق دەوڵەتێکى فرە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە و ئەم دەستورە پەیمانێکە لە نێوان گەلانی عێراقدا.
لە لای خۆیەوە (خالد الاسدی ) جێگری ئەمینداری گشتى حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕێکخستنی عێراق بەناوی شاندی یاوەرى سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا و تەئکیدی کرد کە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و خزمەتکردنی ئەم پەیوەندییانە و بە پەرۆشەوە تەماشای بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان دەکەین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەروەها تەئکیدی کرد دەبێت لە هەڵەکانی ڕابردوو پەند وەربگرین و لە ڕابردوو هەموو لایەکان توشی هەڵەی سیاسی بوون و دەبێت هەموومان هاوکاری حکوومەتی سودانی بین و دەبێت هەموومان کار بکەین بۆ کاراکردنى (ئەنجومەنی فیدراڵ) بۆ چەسپاندنی دەوڵەت و هەروەها دەبێت پەیوەندییەکان لە نێوان عێراقی فیدراڵ و دەوڵەتەکان لەسەر شەنگەستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دوو ۆڵی بێت.
دواتر خالد الاسدى داوای کرد ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بێت بۆ نێزیکترکردن و لە یەکتر تێگەیشتن و هیواى خواست لە کاتێکی نزیکدا شاندێکی مەکتەبى سیاسىی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانیان بکات لە بەغدا و هەرێمى کوردستان و گەلی کوردستان لە پێشکەوتن دابێت.