دیندار زێباری و سەرۆکی تیمی یونیتاد کۆ بوونەوە

ڕیکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکی تیمی یونیتاد کۆبوونەوە و باسیان لە ئەرک و چالاکییەکانی یونیتاد و دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2697 کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە ئانا پیریۆ ڕۆپیس ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش “یونیتاد” بە وەکالەت کە بۆ یەکەم جارە سەردانی هەرێم دەکات دوای وەرگرتنی ئەرکەکەی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری ڕایگەیاندووە: “لە سەرەتای پێکهێنانی تیمی یونیتاد بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2697 ساڵی 2017 بە مەبەستی یارمەتیدانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکان و بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەرکەکەی کردووە بۆ مەبەستی دادگاییکردنی تیرۆریستان داعش و قەرەبوو کردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان”.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە، “لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ یونیتاد، بەتایبەتی لە پرۆژەی ئەرشیف کردنی بەڵگەنامەکان، لە مانگى حوزەیران تاکو تشرینى یەکەمى 2023 لە دادگاى تاوانى دووى هەولێر لە کۆى “2.225” کەیس  161 هەزار و 209 لاپەڕە ئەرشیف کراون، لە دادگاى تاوانى یەکى دهۆک لە مانگى ئاب تاکو تشرینى یەکەمى 2023 لە کۆى “2587”کەی، لە کۆی “124،507” لاپەرە ئەرشیف کراون، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی پرۆژەکە دەستی پێ کردووە و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک-گەرمیان گەیشتۆتە قۆناغەکانی کۆتایی. مەبەست لەم پرۆژەیە بەکارهێنانی ئەو بەڵگەنامانەیە دژی تیرۆریستانی داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی کە بریتین لە تاوانی “جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی وجینۆساید”.

دیندار زێباری ئەوەشی گوت: “سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2697، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمە تەکنیکییەکانی خۆی پێکهێناوە بۆ رادەستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی نووسینگەکانی هەولێر و دهۆک بە حکوومەتی هەرێم و بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوو بەشداری خولی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە دۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکان بکەن”.

لەلایەن خۆیەوە ئانا پیریۆ ڕإۆپیس گوتی: “خۆشحاڵم بە هەماهەنگی و پاڵپشتی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک بۆ جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی بەتایبەتی لە پرۆژەی ئەرشیف و دۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش کە هەنگاوی زۆری بڕیوە، کە لە ماوەی داهاتوودا یونیتاد بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی مەشق و ڕاهێنان لە پڕۆژەی دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەنامەکان و بەرزکردنەوەی تواناکان مەشقی دەزگا فەرمییەکان لە پاراستنی شایەدحاڵەکان”.

سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش “یونیتاد” ئاماژەی بەوەش کرد، “یونیتاد لە میانەی راپەڕاندنی ئەرکەکانی لە عێراق دانی بە ئەو تاوانە ناوە، بۆ ئەوەی لە خانەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئەژمار بکرێن و توانرا کە بەڵگەیەکی زۆر کۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی سوود لەو بەڵگانە وەربگیرێت بۆ ناساندنیان وەکو تاوانی نێودەوڵەتی کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ دادپەروەری. گرنگییەکی زۆر بە پرسی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش کار دەکەین لە هەمان کاتدا بەڵگەکان بەکاردەهێنرێن بۆ نیشاندانی دڕندەیی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی داوە لەسەر ئاستی جیهانی”.