عێراق پێویستی بە هەماهەنگی و مانەوەی هێزە بیانییەکانە

ئەگەرچی بەپێی بانگەوزاز و جاڕی هەندێک لایەنی سیاسی بێت، داعش و مەترسییەکانی بەهێزبوونەوەی داعش بە یەکجاری ڕەویوەتەوە و عێراق لەو مەترسییە بە تەوای ڕزگاری بووە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕایەکی دیکە هەیە و پێچەوانەی ئەوان باس لە مەترسییەکانی بەهێزبوونەوەی داعش دەکات.

چاودێرانی سیاسییش بەسەر ئەو دوو بۆچوونەدا دابەشبوون و بەشێکیان پێیان وایە، ئەو لایەنانەی باس لەوە دەکەن عێراق جارێکی دیکە ناکەوێتەوە ژێر مەترسییەکانی هێرشی چەکدارانی داعش، هەمان ئەو لایەنانەن فشار لە حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ وەدەرنانی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق و ئەو بۆچوونەشیان هەر لەو پێناوەدایە تاکو بە ڕای گشتی و هەموو هێزە سیاسیەکان بڵێن عێراق چیتر پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هێزە بیانییەکان نەماوە.
بەڵام بە پێی ئاماری هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بێت، ئەو بۆچوونە زیاتر لە ڕاستی نزیکە کە پێی وایە داعش بەهێز بووەتەوە و ژمارە و قەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ترسناکتر بووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داعش لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و سەلاحەدین هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەوەی ڕاگەیاند: له‌هێرشه‌كه‌ی سنووری دیاله‌ و سه‌لاحه‌دین ئه‌فسه‌رێك و چه‌ند سه‌ربازێك کوژراون، له‌ سنووری قه‌زای دۆمێزیش له‌ كه‌ركووك سه‌ربازێك کوژراوە و دووی دیكه‌ برینداربوون.
هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی داعش ده‌یسه‌لمێنێت، هێشتا توانای سه‌ربازیی عێراق له‌ كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تی وڵات لاوازه‌ و پێناچێت داعشیش به‌و جۆره‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، لاوازبووبن یاخود كۆتاییان هاتبێت.
لەم بارودۆخەدا بەشێک لە بەرپرسانی عێراق ئەوە ناشارنەوە کە عێراق ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە مانەوە و هەماهەنگی هێزە هاوپەیمانەکانی هەیە و ترسیان له‌ دووباره‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش هەیە، بۆ رێگری و دروستكردنی به‌ربه‌ستی ئه‌منی له‌ هێرشه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی داعش و جموجۆڵه‌كانی، ئاستی ئه‌منی له‌ زنجیره‌ باخه‌كان و ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كانی نێوان دیاله‌ و به‌غدا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و رێوشوێنی توندی ئه‌منیش ده‌گرێته‌به‌ر، له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش كامێرای چاودێریی له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی باشووری ناحیه‌ی كه‌نعان، پێگه‌ی قه‌ناس به‌ده‌ستیان جێگیركردووه‌.
هەرێمی کوردستانیش لەم نێوەندەدا کە لە ڕابردوودا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پشکی گەورەی سەرکەوتنی لە شەڕی داعش بەرکەوت ناوبەناو لە ڕێگای هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانیەوە چەکدار و ئەندام و گرووپی ناو ڕێکخراوی داعش دەستگیر دەکات و باس لەوەش دەکەن مەترسییەکانی داعش هێشتا بە تەواوی نەڕەویوەتەوە و داواش دەکات بۆ چارەکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بە زووترین کات لیوا هاوبەشەکان دەستبەکار بن و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکرێت کە دەنگۆ هەیە ڕۆژانە چەکدارانی داعش لەو ناوچانە جموجۆڵیان هەیە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیان و جووتیارانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.