عێراق بە یەک چاو سەیری جووتیاری کورد و عەرەب ناکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی عێراق وەک هەر پرسێکی تری دارایی سیاسەتی هەڵاواردن پێڕەو دەکات و بڕیاری داوە تەواوی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور وەربگرێت بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان قەبارەیەکی کەمی دیاری کردووە، لە کاتێکدا بەپێی یاسای بودجە کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران لە بودجەی سیادی دابین کراوە و نابێت جیاوازی لە نێوان جووتیاری کوردستان و جووتیاری پارێزگاکانی دیکەدا بکرێت.

وەرزی دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و جووتیاران لە بەرهەمەکانیان ڕازین بەڵام کێشە لەوەدایە حکوومەتی عێراق هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەستی بە بیانوو کردووە و لە بەڵێنەکانی پێشووی خۆی بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق پاشگەز بووەتەوە.
ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارانە باشەی لە هەرێمی کوردستان باری، باڵای گەنم بەرز و گوڵەکەی پتەوە و چاوەڕوانی بەرهەمێکی بەرچاوی لێ دەکرێت، هەرچەندە بارانەکانی مانگی ئایار لە هەندێک ناوچەی کوردستان زیانی بە جووتیاران گەیاند و بەشێک لە ڕووبەری بە گەنم چێنراوی لەناوبرد بەڵام دیسان زۆربەی بەرهەمی گەنمی کوردستان باشە و بەشێک لە جووتیاران دەستیان بە دروێنە کردووە.
لەمپەری سەرەکیی بەردەم جووتیاران ئەوەیە لە دوای دورێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان هیچ شوێنێک نییە گەنمەکەی ڕادەست بکەن و هێشتا وەزارەتی بارزگانیی عێراق بڕیاری کردنەوەی دەرگاکانی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی نەداوە.
بەشێک لە جووتیاران گەنمەکانیان لە شوێنی کراوە ڕۆکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن و بەشێکی تریشیان دەخوازن لەدوای کردنەوەی دەرگای سایلۆکان دەست بە دروێنە بکەن بۆ ئەوەی کرێی بارکردن و کۆگەکردن و گواستنەوە لەسەریان گران نەبێت. بارین و ڕووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە مەترسییەکی ترە بۆ سەر بەرهەمی جووتیاران ئەگەر زوو بەرهەمەکانیان لێ وەرنەگیرێت.
کێشەی سێیەم و سەرەکیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە ڕاستەوخۆ زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت ئەوەیە بەغدا پاشگەز بووەتەوە و بە بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی گوتووە شەشسەد و پەنجا هەزار تۆنیان لێ وەردەگرێت لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێ بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی هەرێمی کوردستان چوار هێندەی ئەو قەبارەیە بێت کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشنیاری وەرگرتنی کردووە.
دوێنێ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە بۆ ئەم پرسە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات تا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بازرگانیی عێراقدا کۆ ببێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و گەنمی زیاتر لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.
ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عێراق پێنجسەد هەزار تۆن لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و جووتیاران بەرهەمەکەی تریان لە بازاڕەکان نرخێکی هەرزانتر لە عێراق ساغ کردەوە. بۆ هەر تۆنێک هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بە هەشتسەد و پەنجا هەزار دینار دیاری کراوە. بەپێی ڕووپێویی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە کە دوو ملیۆن و نۆسەد و پەنجا و پێنج هەزاری گەنمە و پێشبینیش کراوە ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان بگاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاندووە ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتە. ساڵی ڕابردوو پێنجسەد هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا و ساڵەک پێشتر سێسەد هەزاری وەرگرت.
حکوومەتی عێراق بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ ساڵێک نەبووە بە بێ لەمپەر و سەرئێشە گەنمی جووتیارانی کوردستان وەربگرێت، پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ دوای چەند ساڵ لە لایەن عێراقەوە دابین کرا لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ لە کاتی ڕادەستکردنی گەنم پارەی جووتیارانی عێراقی دابین کردووە.
کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران لەسەر بودجەی سیادییە و پێویستە هیچ جیاوازییەک لە نێوان جووتیارانی کوردستان و عێراقدا نەکرێ بەڵام حکوومەتەکانی عێراق ڕەچاوی ئەو مافەیان نەکردووە.