شەست و دوو ساڵ پێشمەرگەبوون و تێکۆشان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ شەست و دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی، کە لە ٢٠ی ئاداری ساڵی ١٩٦٢ بۆتە پێشمەرگە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سەرکردایەتی و ڕۆلی باڵای لە نووسینەوەی چەندین دەستکەوت و داستانی مێژوویی و بەناوبانگی کوردستاندا ھەبووە. کەم بۆنە ھەبووە و ھەیە، سەرۆک بارزانی خۆی وەک پێشمەرگەی کوردستان نەناسێنێت، زۆرجاریش گوتوویەتی: گەورەترین شانازیی و پلە و پۆست لای من پێشمەرگایەتییە، ئەمە بەرزترین و بەشەرەفترین دەستکەوتی ژیانمە.

٢٠ـی ٥ـی ھەموو ساڵێک کە دێت، ساڵێکی دیکە دەچێتە سەر تەمەنی پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی، چونکە ئەو ھێشتا ھەر خۆی بە پێشمەرگەی کوردستان دەزانێت. سەرۆک بارزانی لە ١٦/٨/١٩٤٦، لە دایکبووە، لە دەستپێکی ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە ١١/٩/١٩٦١دا، بە ناچاری خوێندن بەجێ دەھێڵێت و لە ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە دەکات.
سەرۆک بارزانی، دەڵێت: لە ڕێکەوتی ٢٠ـی ئایاری ساڵی ١٩٦٢ لە گەلیی بێخمە پەیوەندیم بە بارەگای بارزانیی نەمر کرد و بە فەرمی چوومە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، دۆخی سیاسی پێش شۆڕش و کەشی دوای شۆڕش، بارێکی ھەڵخستبوو، کە باوکمان زۆربەی کات دوور لە ماڵ و خێزان بوو، بۆیە داواکاری خۆم بۆ پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە بۆ باوکم نارد، وێرای ڕەزامەندیی باوکم، بە ھەوڵێکی زۆر ڕەزامەندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم، دوای ھەموو ئەمانەش دەبووایە ڕەزامەندیی گەورەمان شێخ ئەحمەد بارزانی وەربگرم، وردەکاریی چۆنیەتی پەیوەندیکردنم بە شۆڕشی ئەیلوول و ڕیزەکانی پێشمەرگە لە بەرگی سێیەمی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” لە بەشی شۆڕشی ئەیلوولدا باس کردووە، تا ئێستەش بیرھاتنی سات بە ساتی چۆنیەتی ڕۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی، بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێکە لە یادەوەرییە ھەرە خۆشەکانی ژیانم.
سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٩، لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە سەرۆکی پارتی ھاتە ھەڵبژاردن و بووە دووەمین سەرۆک لە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
سەرۆک بارزانی باسی تامەزرۆیی خۆی بۆ پێشمەرگایەتیی دەکات و دەڵێت: تامەزرۆیم بۆ گەیشتن بە ڕیزەکانی پێشمەرگە لەو تەمەنەدا، ھەڵقوڵاوی شانازییەکی گەورەی بە ناوی پێشمەرگەوە بوو، بۆیە گەورەترین شانازی منیش لە ژیاندا، بوون بە پێشمەرگە بوو، بە بڕوا و ئومێدێکی زۆرەوە بووم بە پێشمەرگە، بڕوا بە ڕەوای دۆزی کورد و ئومێد بە سەرکەوتن، بنەمای باوەڕی پێشمەرگایەتییە، وەک پێشمەرگەکانی تر ئامانجم خەبات بوو لە پێناو ئازادیی نیشتمان و ھێنانە ئارای مافە ڕەواکانی کورد، خەبات بوو لە پێناو بەرجەستەکردنی کەرامەتی کورد لە بەرامبەر ھەموو ھەوڵەکانی سڕینەوەی کورد، ھەمیشە ھاندەری بەردەوامیم و سڵ نەکردنەوە لە خەبات، ئەو ڕوحە پێشمەرگانەیە بووە، لە ھەموو ھەوراز و نشێوییەکانی قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و گۆڕانکارییەکاندا، لە ئەرک و بەرپرسیاریەتیدا، تاکە شت کە لەلام نەگۆڕ بووە، ئەو ڕوحە پێشمەرگانەیە بووە و تا لە ژیانیشدا مابم، ھەر پیشمەرگەی کوردستانم.
سەرۆک بارزانی ئەو کاتەی چەکدارانی داعش پەلاماری کوردستانیان دا، وەک پێشمەرگە چووە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و بارەگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی جێ ھێشت و چەندین مانگ لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستان، وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی ژیانی بردەسەر، لە ماوەی چوار ساڵی شەڕی داعشدا، سەرپەرشتیی ھەڵمەتەکانی تیکشکاندنی چەکدارانی ڕێکخراوە توندڕەوەکە و ڕزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانی کرد.
یەکێک لە سەروەرییەکانی دیکە بۆ سەرۆک بارزانی، کردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو لە ٢٥/٩/٢٠١٧، کە سەرەڕای ئەو فشارە ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەی لەسەری بوون، بەڵام بەرگەی گرت و ڕیفراندۆم کرا، سەرۆک بارزانی لەبارەی کردنی ڕیفراندۆم و مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان گوتوویەتی: سەرکەوتن ئەوەبوو کە زیاتر لە ٩٣% خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و ڕۆژێک ھەر دێت گەلی کوردستان بەو مافە دەگات، مەحاڵە دەست لە مافی سەربەخۆبوون ھەڵبگرین، چونکە لە سەردەمی کاوەی ئاسنگەرەوە تا ئێستە، کورد بۆ سەربەخۆیی خەبات دەکات.
جگە لەوەی سەرۆک بارزانی ھەمیشە خۆی بە پێشمەرگە زانیووە، ھاوکات بەردەوام خۆی بە داکۆکیکاری مافەکانی پێشمەرگە زانیووە، لەبارەی ھەوڵەکانی ئیدارەی مەدەنی ئەمەریکا پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ھەوڵەکانی پۆل برێمەر، حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق، سەرۆک بارزانی دەڵێت؛ ئەوکات ھەوڵیان دا پێشمەرگە وەک میلیشیا حیساب بکەن و ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەیان دەکرد، لەسەر ئەو کێشەیە زۆر ھەوڵم دا ئەمەریکییەکان تێبگەیەنم، کە پێشمەرگە بە بڕیارێک دروست نەبووە، تا بە بڕیارێک ھەڵبوەشێنریتەوە و مێژووکردە و بە خوێن و فرمێسکی کورد دروست بووە و خەبات بۆ ڕزگاریی دەکات، بەڵام نەیاندەویست لەو ڕاستییە تێ بگەن و ھەر لەسەر پێشمەرگە بە برێمەرم گوت: ئەوە من دەچمەوە کوردستان، تۆش پیاوبە وەرە پێشمەرگە ھەڵبوەشێنەرەوە، بۆیە دواجار لەوە تێگەشتن، کە پێشمەرگە ھێزێکی جیاوازە لەوانەی دیکەی عێراق، کە بە بڕیارێک پێکھێنراون.
سەرۆک بارزانی ساڵی ١٩٦٥ ھاوسەرگیری کردووە و خاوەنی ھەشت منداڵە، سەرۆک بارزانی شارەزای زمانەکانی کوردی بە ھەردوو زاراوەی کرمانجی سەروو و خواروو، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزییە.
حەز بە خوێندنەوەی پەرتووکی مێژوویی، ڕامیاریی و سەربازی دەکات، یەکێکە لە ئارەزوومەندانی ھۆنراوە عیرفانییەکانی ھۆزانڤانی کورد مەلای جەزیری، ئەحمەدی خانی و وەفایی، سەرۆک بارزانی وەرزش دەکات و حەزی لە تۆپی پێ و مەلەکردن و پیادەڕۆیشتنە.
باوەڕی بە چەسپاندنی مافەکانی ئافرەت وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵگەیە، پێکەوە ژیانی نەتەوە، ئاین، ئاینزا و ڕێبازەکان لە کوردستان ھەیە و بە بناغەی نیشتمانی ھاووڵاتیبوونیان دەزانێت.
سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە پرسی ژینگەپارێزی دەدات و لەسەر ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، پاراستنی سروشت و ژینگە بە بنەمای ئەرکی ئایینی و نیشتمانی دەزانێت، ئەم بنەمایە ئەمڕۆ لە دەڤەری بارزان بەچڕی جێگیرکراوە و سروشتی ئەم دەڤەرە بووە بە نموونەیەک لە ژینگەی سروشتیی نایاب لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، کار بۆ فراوانکردنی ئەم نموونەیە لە ھەموو کوردستان دەکرێت.
پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێن، ڕۆژی بوونی سەرۆک بارزانی بە پێشمەرگە ڕۆژێکی گەشە بۆ پێشمەرگە و ھەموو کوردستانیان، کاتێک بارزانیی نەمر دەستی بە شۆڕشی ئەیلوول کرد شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی، بێگومان شۆڕش پێویستی بە ھەموو بوارەکان ھەبوو لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ھەتا ئایینی و پێکەوەژیان، سەرۆک بارزانی ھەر لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و لە تەمەنێکی زوودا شان بەشانی پێشمەرگە دەستی بە خەبات کرد. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پێویستە ھەموو خەڵکی کوردستان، شانازی بە سەرۆک بارزانییەوە بکەن، چونکە وەکو سیمبولی شاخ و مەدەنیەت شانی داوەتە بەر ھەموو کێشەکانی میللەتەکەی.