هاوشێوه‌ی مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ری پاریسسێ مۆزه‌خانه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی بنیات ده‌نرێن

چواس خالید – هەولێر

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری هه‌رێمی كوردستان، ڕایگەیاند؛ هاوشێوه‌ی مۆزه‌خانه‌كانی جیهان و وه‌ك مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر له‌ پاریس، سێ مۆزه‌خانه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی دروست ده‌كرێن.

كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، به‌ گوێره‌ی نووسراوێكی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، داوا كراوه‌ كه‌ كاری پێویست بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مۆزه‌خانه‌ی شوێنه‌واری به‌ برانده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك لۆڤه‌ر، له‌ هه‌ر سێ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی دروست بكرێن.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه كردووه‌، ئێستا سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی پێشنیازی سه‌ره‌تایین بۆ ئه‌و كاره‌ و كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌ بواری شوێنه‌وارناسیدا، ده‌رفه‌تێكیشه‌ بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ چه‌ندین كه‌س و چالاكی بۆ ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ شوێنه‌وار و كه‌له‌پور.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتیانی له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ئاماره‌كان، ته‌نیا له‌ چوار ساڵی كاركردندا، سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی جیاجیای به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار پێشكه‌ش به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
كه‌ نۆسه‌د و نه‌وه‌ت و حه‌وت پڕۆژه‌یان له‌ بواری ڕێگه‌وباندا بووه‌ و شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و پێنج پڕۆژه‌ش له‌ بواری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و چوار سه‌د و سی و نۆ پڕۆژه‌ش له‌ بواری به‌كارهێنان و به‌رهه‌مهێنانی وزه‌یه‌، هاوكات چوار سه‌د و بیست و حه‌وت پڕۆژه‌شی له‌ بواری ژێرخان و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردووه‌ و دوو سه‌د و شه‌ست و یه‌ك پڕۆژه‌شی له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا بنیات ناوه‌، سه‌د و نه‌وه‌ت پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی و سه‌د و بیست پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هه‌شتا و سێ پڕۆژه‌ی ته‌ندروستی و شه‌ست و سێ پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزار و سی نۆ پڕۆژه‌ی بانك و خزمه‌تگوزاری و شه‌ست و پێنج پڕۆژه‌ش له‌ بواره‌ جیاجیاكانی دیه‌كه‌ی پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.