بەغدا لەمپەری سەرەکیی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نزیکەی چوار ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێدەپەڕێت کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا واژۆ کرا، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە و بەغدا بە مەبەست لەمپەری خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و هەر ئەوەش وایکردووە دەسەڵاتی میلیشیاکان لەو سنوورە بەسەر دەسەڵاتی هێزە یاساییەکاندا زاڵ بێت و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی ئاسایی نەبێتەوە.

دوای دە ساڵ لە کارەساتی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و چوار ساڵ دوای ڕێککەوتنی شنگال، ناوچەکە بە چەکداری نایاسایی و گرووپ و میلیشیای جیاواز تەنراوە و بە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی دوور لە ماڵ و حاڵیان دەژین و هیچ هیوایەکیشیان بۆ گەڕانەوە نییە. جگە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال کێشەی ئەمنیی و ناسەقامگیری و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک بە هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە هەژمار دەکرێت.
رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ واژۆکرا بەڵام تا ئەم ساتە زۆربەی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن بەغداوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە پەیوەستە بە پرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیە و بە پێی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەر دوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەمنیی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆییدا بێت، و پیداگیریش کراوە لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ دەرەوەی سنووری شنگال.
هەر لە ڕێککەوتننامەکە باس لەوە کرابوو دەبێت دوو هەزار و پێنج سەد کەس لە خەڵکی خۆجێیی دابمەزرێن بۆ ئەوەی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە ئەستۆ بگرن و سەرجەم هێزە نایاساییەکان لە ناوچەکە دوور بخرێنەوە. دبوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن، بەڵام لە هیچ کام لەو بڕگانەی ڕێککەوتن جێبەجێ نەکراون و هەر ئەوەش وای کردووە دۆخی شنگال و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا ناسەقامگیر بێت.
نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە؛ لە بەغداوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکە دەکرێت، ڕێگرییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازین.
ئەو کە هاوکات سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوایە، پێی وایە کۆمەڵێک ناوەندی بڕیار لە عێراق هەن و ڕێگری دەکەن لە کاتێکدا بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان دەربچن و دەسەڵاتی سەربازی ناو شار ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت.
بە گوتەی نەوزاد هادی ڕێککەوتنامەی شەنگال لە نێوان هەرێم و عێراق و بە ڕەزامەندی یۆنامی و هاوپەیمانان کراوە، بۆیە پێویستە دەسەڵات ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی بکرێت و ئاوارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری هەیە لە جێبەجێکردنی.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت دوای ئەو نەهامەتییەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شنگال لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد کرا، بەڵام دواتر خەڵکی تر خۆیان لەسەر شارەکە کردە خاوەن و چەندین گرووپی سەربازیی حەشدی شەعبی و میلیشیای جیاواز بە ناوچەکەدا بڵاو بوونەوە و ڕێیان لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە گرت.
شنگال و ئێزدییەکان کە تاوانی جینۆسایدیان بەرانبەر جێبەجێ کرا، چاوەڕوانی ئەوە بوون حکوومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەکەیان ئاوەدان بکاتەوە و ئاسایش و ئارامییان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام دوای دە ساڵ لەو کارەساتە دۆخەکەیان ئاسایی نەکراوەتەوە.
بەدەر لەمە لەم ڕۆژانەدا قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کە حکوومەتی عێراق کۆتایی بە ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق بهێنێت و دەرەنجامی ئەو ڕووداوەش لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێککەوتنی شنگال و سەرجەم ڕێککەوتنەکانی تردا دەبێت، چونکە یۆنامی وەک لایەنێکی سێیەم و چاودێر ڕۆڵی ئەرێنی لە عێراقدا گێڕاوە.