کولـلە زیانی زۆری بە بەروبوومی کشتوکاڵی گەیاندووە و جووتیارانداوای یارمەتی دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەندین ساڵە لەم وەرزەدا لە سنووری ئیدارەی سۆران کولـلە زیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی دەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێم دەرمانی قەڵاچۆکردنی کوللەی بەسەر جووتیاراندا دابەشکردووە، بەڵام زۆری ڕێژەی کولـلە وایکردووە کە ئەو ڕێکارە کاریگەری ئەوتۆی نەبێت.

ئەو جۆرە کوللەیەی کە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و دەرامەت و ڕەز و باخی جووتیاران دروست کردووە، تەمەنی تەنیا دوو مانگە، بەڵام زیانەکانی زۆرن، ئەو جۆرە کولـلەیە لە ڕێی ڕشاندن بە دەرمانی کیمیایی لەناو دەچێت، بەڵام دەبێت سەرتاپای ئەو ناوچەیە بە دەشت و چیاوە بڕشێنرێت، چونکە ئەو جۆرە کولـلەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەڕوات.
پاڵپشتیکردنی حکوومەت لە جووتیاران و دابینکردنی دەرمانی قڕکەر بۆ لەناوبردنی کوللە و مێروولە زیانبەخشەکان، وەکو جووتیاران، دەڵێن، لە ئێستەدا ھاوکاری و پێویستییەکی باشە. جووتیاران، جەخت لەوەش دەکەنەوە، کوللە ئەمساڵ ئەوەندە زۆر بووە ھەر بەربوومێکی ھاوینە بچێنین لە کاتی شینبوونی ڕاستەوخۆ دەخۆن، بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێژەی دەرمانمان بۆ زیاد بکات، یان چارەیەکی دیکە بدۆزنەوە، ئەگەرنا ناچارین دەست لە کاری کشتوکاڵی بەردەین.
ئێستە کاتی داچاندنی بەروبوومی ھاوینەیە و جووتیارانیش لەبەر زۆربوونی کوللە ناتوانن بەروبوومەکانیان دابچێنن ساڵ بە ساڵ کوللە زیاتر دەبێت، ئەوەش پێویستی بە دەرمانی زیاترە، بەرپرسانی کشتوکاڵیش لە ناوچەکە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە چەند ناوچەیەک کوللە ھەبوو، بە دابینکردن و لێدانی دەرمان ھەموو لەناو دەچوون، بەڵام ئەمساڵ لە ھەموو ناوچەکان بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش ڕێژەکە ئەوەندە زۆر بووە بە دەرمانی قڕکەر لەناو ناچێت، ھەر چەندە ئەو دەرمانەی کە ھەبووە داومانەتە جووتیاران.