حکوومەت پاڵپشتیی کارە خێرخوازییەکانی وەبەرهێنەران دەکات

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، وەبەرهێنەران سەدان پرۆژەی خێرخوازییان دروست کردووە و پێشکەشی حکوومەتیان کردووە. بەڕێوبەری وەبەرهێنانی هەولێریش دەڵێت، لە داهاتوودا پرۆژەی دیکەی خێرخوازیی جێ بەجێ دەکرێت.

قوتابخانەی بنەڕەتی ماجدی، قوتابخانەیەکی سەردەمیانەی حکوومەتییە لەسەر ڕووبەری هەشت هەزار مەتر چوارگۆشە لەلایەن وەبەرهێنەر ئەحمەد ماجیدییەوە دروست کراوە. قوتابخانەکە لە 18 هۆڵی خوێندن، ژووری تاقیگەی کۆمپیوتەر، تاقیگەی زانستی، ژووری وێنەکێشان و کتێبخانە پێک دێت.  

 ئـەو وەبەرهێنەرە کوردە، جگە لە قوتابخانەکە، باخچەی منداڵانیشی دروست کردووە کە ژووری یاری، شانۆ، میوزیک و وێنەکێشانی تێدایە. هەردووکیان بە بودجەی نزیکەی پێنج ملیار دینار دروست کراون.

ئەو کاتەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەکەی کردەوە، ڕایگەیاند، دەبێت بۆ لەمەودوا هەر قوتابخانەیەک کە دروست دەکرێت بە هەمان دیزیان و کوالێتی بخرێتە خزمەتی قوتابییان.

بارزان مەلا خالید، جیبەجێکاری کارەکانی ئەحمەد ماجیدی دەڵێت، “بێجگە لەم قوتابخانەیە،  قوتابخانەیەیەکی دیکەی ئامادەیی و باخچەیەکی ساوایان، بە تەواوی پێداویستییەکانی سەردەمیانە پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن. ئەوەش بەشێکە لەوەی بتوانن وەبەرهێنەران بەشداربن لە دروستکردنی نەوەیەکی نوێ. مەبەستمان لە دروستکردنی نەوەیەکی نوێ، بیرێکی نوێ و ئایدولۆجیایە کە ئینتیمایی بۆ خاک و وڵات هەبێت”.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەران سەدان پرۆژەیان لە بواری دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە، بنکەی پۆلیس و بنکەی بەرگریی شارستانیی دروست کردووە. دوایینیان خانەیەکی بەساڵاچوان بوو لە هەولێر کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێریش دەڵێت، لە داهاتوودا پرۆژەی دیکەی خێرخوازی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستەی وەبەرهێنان خەڵاتی ڕێزلێنان دەداتە زیاتر لە 50 وەبەرهێنەر کە بەردەوامن لە پرۆژەی کاری خێرخوازیی’ ئەمەش بە مەبەستی هاندان و کاری زیاتر.