پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی ئایاری 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و یاریدەدەر و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و مامۆستایانی ڕاهێنەر و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردەی هەولێر و قوتابییانی پایتەخت دەکەم بە بۆنەی تەواوبوونی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان .

ئاماژەی بەوە دا، سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی هەولێر ئەو پەڕی دڵسۆزیی و خۆڕاگریی و ئەمەکدارییان نواند لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی (2023-2024)، مایەی ڕێز و ستایشن.

پارێزگاری هەولێر، ئاشکرای دەکات، بەرزترین ڕێژەی دەرچوونی قوتابییانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە ئاستی هەموو کوردستان قوتابیانی پارێزگای هەولێرن بە ڕێژەی (61,02%) ئەمەش بەرهەمی ماندووبونی مامۆستایان و قوتابییانە. هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، سێ لە قوتابییەکانی هەولێر لەسەر ئاستی هەموو کوردستان یەکەمن، بە تێکڕای  نمرەی (100) .

ناوبراو دەشڵێت: پێنج قوتابی هەولێری پایتەخت پلەی دووەمیان بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بەتێکڕای (99،83) .

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: ئەو قوتابییانەی کە پلەی سێیەمیان بەدەست هێناوە لە سەر ئاستی کوردستان، حەوت قوتابییان لە پارێزگای هەولێرن بە تێکڕای (99،67). بەمەش هەولێری پایتەخت پازدە قوتابی یەکەم و دووەم و سێیەمن، جیا لەوەی لە تێکڕای دەرچوونی قوتابییانی پۆلی نۆیەم هەولێری پایتەخت لە پلەی یەکەمدایە.