ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌

لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نێوان د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد و د. زیدان خەڵەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق – سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون (یونیتاد)، گفتوگۆ له‌بارەی دوایین پێشهاتەکان لە مەلەفی دادگاییکردنی تیرۆریستانى داعش کرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند تیمێکی تەکنیکی پێکهێناوە، لە دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکانی هەرێم، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد، لە پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن يونيتاد کۆکراونەتەوە، ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداون ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری قوربانیيانی داعش و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن.

لەبارەی گرنگيی ڕادەستکردنەوەی بەڵگەنامەکان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بەپێی ئەم میکانیزمە، نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک ئەو بەڵگانەی لە لێکۆڵینەوە تایبەتەکانیاندا دەستیان کەوتووە دەبێت، ڕادەستی دامودەزگه‌کانی هەرێم بکرێن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانەکانیان و دانانی چوارچێوەیەکی یاسایيی گونجاو، سوودیان لێ وەربگیرێت، وەک بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بەتایبەتی لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش.

لەلایەن خۆیەوە د. زێدان خەلەف، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، ئێمە ڕاستەوخۆ بە یونیتادمان ڕاگەیاندووە، کە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بکرێت لە ڕادەستکردنی بەڵگەنامەکان و هەنگاوەکانی داخستنی نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک، لە ئیستادا حکومەتی هەرێم تیمی تەکنیکی پێکهێناوە و لە ماوەی داهاتوودا ئەم تیمانە مەشق و ڕاهێنانیان لەلایەن پسپۆڕانی یونیتادەوە پێ دەکرێت، لەسەر چۆنیيەتی ئەرشیفکردن و هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان، هاوشێوەی تیمەکانی بەغدا