لەهەولێر پارکێکی نوێ لەسەر شەقامی هەولێر-پیرمام کرایەوە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

لە هەولێر پارکێکی نوێ لەسەر شەقامی هەولێر بۆ پیرمام، لەژێر پردی ١٥٠ مەتری کرایەوە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی هەیە ئەمساڵ چەند پارکێکی دیکەش لە هەولێر بکاتەوە.

ئەو پرۆژەیە لەسەر ڕێنمایی و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە و لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتەوە تەمویل كراوە و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر لە ماوەیەكی كەمدا تەواو كراوە.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: ئامانج لەکردنەوەی ئەم پارکە، بۆ زیاتر گرنگی پێدانە بە ڕێژەیی سەوزایی لە شاری هەولێر، ئەم پرۆژەیە سێ ملیار و حەفت سەد ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە، ڕووبەڕەکەی سەد و پەنجا هەزار مەتر چوارگۆشە سەوزاییە. هەروەها ئەو چاندنی زیاتر لە چل و پێنج هەزار داری گەورە و بچووك، كە پێنج هەزار و پێنجسەد داریان گەورەن، لەگەڵ نزیكەی بیست هەزار گوڵی جۆراوجۆر. هەروەها بە ڕووبەری بیست و سێ هەزار مەتریش چیمەنی هەمیشەسەوزی تێدا بەكارهاتووە، لەگەڵ دەیان تایبەتمەندیی دیكەی وەكو لێدانی دوو بیری ئاو بۆ ئاودانی و دروستكردنی دوو عەمباری ئاو و دانانی ماتۆڕی ئاو و سیستەمی ئاودانی دار و فریز و بەشەكانی تری پاركەكە.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: بە ڕێژەیەکی زۆر هاووڵاتیان ناتوانن سوودی لێوەربگرن، ئەوەش بەهۆی جوگرافیای پارکەکە، بەڵام وەک بەرزکردنەوەی ڕێژەیی سەوزایی و ژینگەیەکی تەندروستە بۆ شاری هەولێر، پلانی ئەوەمان هەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ چەندین پارکی تر بکەینەوە.
لە سەنتەری شاری هەولێر ٤٥٠ پارک و باخچە هەن، لەو ژمارەیە ٢٠ پارکی گەورە بوونیان هەیە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەختی لە بەرزكردنەوەی ئاستی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان كردۆته‌وه‌، بۆ ئەمەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ كردووە.