لیژنەیەک بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاسایەکان پێکهێندراوە

لەپێناو تەندروستی گشتی و پاکڕاگرتنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیران بڕیاری دا سەرجەم پاڵاوگە نایاسایەکان کە زیانیان بۆ ژینگە و تەندروستی ھەیە دابخرێن و بەپێی ڕێنمایەکانی ژینگە ڕێکبخرێنەوە.

لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی ھاووڵاتییان پێداچوونەوە بەو ھۆکارانەی کە ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەکەن دەکرێت، سەرۆکی حکوومەت وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو پاڵاوگانە دابخرێن کە نایاساین و بوونەتە ھۆکاری پیسکردنی ژینگە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکاندا بکرێت لەو پێناوەشدا لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکھێنراوە کە دەستە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەندامن تێیدا.
بەگوێرەی ڕێنمایەکان پێویستە سەرجەم پاڵاوگە نایاسایەکان دابخرێن ئەوانەشی کە مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە بەبڕیاری سەرۆکوەزیران پێویستە خۆیان لەگەڵ مەرجە تەندروستی و ژینگەیەکاندا بگونجێنن ئەگەرنا سزا دەدرێن بەداخستن یان سزای دارایی.
دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ھەستاون بە دانانی ئەو مەرج و ڕێنمایانەی کە پێویستن. عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، دەڵێت: دواجار ڕێنمایەکمان دەرکرد، کە ڕێنمایی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ـە و لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەرچووە پێویستە ھەموو پاڵاوگەکان ئەوانەی ھەن لەو کاتەوە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو ڕێنمایانە، کە لەناو ئەو ڕێنمایانەدا ھەموو وەزارەتەکان ڕێنماییەکانی خۆیان داناوە، ئێمەش وەکو دەستەی ژینگە ڕێنمایی خۆمان داناوە کە پێویستە ھەر پڕۆژەیەکی نەوتی بیەوێت کار بکات، یان ئەوانەی لە کاردان و دەیانەوێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ڕێنمایەکان پێویستە ڕاپۆرتی ھەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی پێشکەش بکەن بە دەستەی ژینگە، بەڵام تا ئێستە ھیچیان نەھاتوون.
لیژنەی تایبەتمەند لە ھەموو پارێزگاکان دانراون بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانەی کە لە سنوورەکانیان ھەن، لە سنووری پارێزگای ھەولێر سەرجەم ئەو پاڵاوگانە داخران کە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بوون، چونکە بەدەر لە زیانە ژینگەیەکان زیانی تەندروستیشیان ھەبوو. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر، گوتی: بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە ڕێگری کردن و ھەڵگرتنی ھەموو ئەو پاڵاوگانە، لیژنەیەکی باڵاش لە وەزارەتی ناوخۆ پێکھاتووە ئەو لیژنەیە کاری زۆر باشی کردووە لە سنووری ھەموو پارێزگاکانیش لیژنە ھەیە، لە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە سەرکەوتوو بووین، ئەویش بە ھەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر لەو پاڵاوگە نایاسایانە.