کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ١٥ ی ئایاری ٢٠٢٤، بەئامادەبونی شاندی هەریمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسەرپەرشتی دکتۆر محەمەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کارەباو تیمی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕیوبەرە گشتیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوە چوو. لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ گفتوگۆی لەبارەوە کرا. کۆبونەوەکە لە کەشێکی دۆستانەو بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو لە هەردولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئیجابی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دروست بوو بوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت. لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.