سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق کرد

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی ئایاری 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەنداوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و هەروەها پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پێزانینی هەبوو لەو پێشوازی وئامادەكارییەی بۆ سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەی بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد.

باڵیۆزی ڤاتیكان ئاماژەشی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە، بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشیە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق ڕایگەیاند، “گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت”.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، “كوردستان بە بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی جوانە و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا ببینن”.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.