چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە سۆران جێبەجێ‌ دەكرێن

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەگوژمەی نزیكەی چوار ملیار دینار چەند پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران جێبەجێ‌ دەكرێن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییان.

ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژانەی لە ئێستادا كاریان تیادا دەكرێت بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ناحیەی كانیەڕەش (بەرمیزە) لە سنوری قەزای سیدەكان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و چواردە ملیۆن دینار، هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندی كەورین سەربە قەزای سۆران بە گوژمەی دوو سەد و نەوەد ملیۆن دینار كاركردنی تیادا بەردەوامی هەیە، هەروەها دانانی تۆڕی ئاو لە نێوان هەردوو گەڕەكی سەروچاو- كانی لە سنوری ناحیەی دیانا و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاو لە چەند گەڕەك و شوێنێكی دیكەی سنورەكەمان بەردەوامیان هەیە.
ئەو ئەندازیارە گوتیشی: هەروەها ڕەزامەندی دەرچووە بۆ جێبەجێ كردنی سێ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەکەمان و گوژمەی پێویستی سەرەتایییان بۆ تەرخان كراوە، كە بریتین لە تەرخانكردنی زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ناحیەی قەسرێ.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكانی دۆڵی خانەقا سەربە ناحیەی وەرتێ گوژمەی سێ سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخانراوە، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاكۆیان لە سنووری قەزای ڕواندز قۆناغی یەكەم بڕی سێ سەد ملیۆن دیناری تەرخانكراوە.

ھەواڵی زیاتر