عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان: هەرێمی کوردستان لەگەڵ بە زۆر ناردنەوەی ئاوارەکان نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ناچار دەکات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، دەڵێت: لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانین بۆ شوێنی خۆیان،‌ بەڵام بەشێوەی ئارەزوومەندانە، نەک بەزۆر. دەشڵێ: عێراق ھیچ کۆمەک و ھاوکارییەک بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان نانێرێت.

لە ھەرێمی کوردستان بیست و چوار کەمپ ھەن، زیاتر لە سی و حەوت ھەزار خێزانی لێ نیشتەجێنە و لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بەھۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان ئاوارە بوون، ژیانی ناو کەمپیان لە دووری زێدی باب و باپیرانیان پێ باشترە لە شوێنێک کە ئارامی تێدا نەبێت، ئاوارەکان چاکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبیر ناکەن، کە دەرگای ژیانیان بۆ کردەوە، دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئاوارەبوونیان، ھیلاکی و ماندووبوونی ژیان بۆتە پێناسەی ڕووخساریان، لە ھەمان کاتدا متمانەیان بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق نییە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، پێشتریش چەندین بڕیاری داوە و جێبەجێی نەکردووە، بۆیە ناگەڕێینەوە شوێنێک کە ئارامی تێدا نەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان خێزانی ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی ناچارکردووە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەشێک لەو خێزانانە ئاوارەکانی کەمپی بەحرکەن لە سنووری پارێزگای ھەولێر.
ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە، بەشێکن لەو دوو ھەزار و پێنج سەد خێزانەی کە لە دوای شەڕی داعش لە ٢٠١٤ ئاوارە بوونە، خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەر لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ناحیەی دوجەیل و یەسربی سنووری پارێزگای سەڵاحەدینن کە بەھۆی بوونی گرووپی چەکداری و نەبوونیی سەقامگیریی، دژی گەڕاندنەوەی بەزۆرن بۆ ناوچەکانیان.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە دھۆک، ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای دھۆک چواردە کەمپی ئاوارەکان ھەیە و زیاتر لە بیست و پێنج ھەزار خێزان لەنێو ئەو چواردە کەمپەدا نیشتەجێن، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی فیدراڵ دوا مۆڵەت بە ئاوارەکان دراوە تا ٣٠/٧/٢٠٢٤ کەمپەکان بەجێی بێڵن، سێ مەرجی داناوە بۆ ئاوارەکان یان کەمپەکان بەجێی بێڵن و بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، یانیش ھەر لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێبن و لەناو کەمپدا نەمێنن، یانیش بچنە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لەبەرامبەر چۆڵکردنی کەمپەکانیش بۆ ھەر خێزانێک چوار ملیۆن دیناری عێراقی خەرج دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئاوارەکان ئامادەنین کەمپەکان بەجێی بێڵن، چونکە بەھۆی ناسەقامگیری ناوچەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
پیر دەیان جەعفەر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: حکوومەتی عێراق ھەموو ھاوکاریەکی لەسەر کەمپەکان بڕیوە، بەپێی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کەس بە زۆر لەنێو کەمپەکان دەرناکرێت، چونکە ڕەوشی ناوچەکانیان لەڕووی سەقامگیرییەوە ئاڵۆزە و ئاوارەکان دڵنیانین لە پاراستنیان تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی ناتوانین بەزۆر کەمپەکان دابخەین و ئاوارەکان سەرگەردان بن.
لەلایەکی دیکەوە عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، گوتی: حکوومەتی عێراق بەشی زۆری ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانی بڕیوە، ئێستە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھیچ کۆمەک و ھاوکارییەک بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان نانێرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری پێداویستییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ئاوارەکانی کەمپەکان دابین دەکات، بەشێکی دیکەش لە پێداوستییەکان لەلایەن ڕێکخراوە نێودوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، جەختی لەوەشکردەوە: لە دوای ساڵی ٢٠١٨ـەوە قۆناغ بە قۆناغ ھاوکارییەکان بۆ ئاوارەکان کەمی کردووە، دەتوانین بڵێین ھاوکارییە مرۆییە داراییەکان بۆ ئاوارەکان لە سفر نزیکبووەتەوە، ھەروەھا دابینکردنی کاڵا خۆراکیەکانیش لە سفر نزیکبووەتەوە.
لەبارەی ناردنەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێ، عەلی سەعید، گوتی: لە دوای ٢٠١٦ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ھەموو شێوەیەک داوای کردووە کەمپەکان دابخرێن، چەندین جار لە کۆبوونەوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دەبێت بە ھەموو شێوەیەک کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانیان.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەکان نییە، لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق لە ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی خۆی ھەندێک کەمپی بە بەکارھێنانی ھێز داخستووە، زۆرینەی خەڵکەکە بە ناچاری بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوونەوە، بەشێکی زۆریشیان ھاتنە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق ھەوڵی داخستنی کەمپەکان دەدات، لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکات.
سروە ڕەسوڵ، بەرێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆداین، یۆنامیش نامەیەکی فەرمی ئاڕاستە حکوومەتی عێراق کردووە بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان.
سروە ڕەسوڵ، گوتیشی: بڕیارێکی لەو جۆرە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، لە کاتێکدایە کە ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراقی لە داڕشتنی پلانێک بووین کە لەسەرووبەندی کۆتایی ھاتندا بوو بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان بێ ئەوەی گۆڕانی دیمۆگرافی ڕووبدات، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق بێ وەرگرتنی ڕای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاوارەکان، بڕیاڕی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی داوە، ئەو بڕیارە مەرامی دیکەی لە دواوەیە.
بەرێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگیی و قەیرانەکان، ئاشکرای کرد: یۆنامی زۆر بەچڕی چاودێری ئەو بابەتە دەکات، تەنانەت نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی حکوومەتی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئاوارەکان چارە بکرێت، ئینجا داوایان لێبکرێت بگەڕێندرێنەوە، وەکو وەزارەتی ناوخۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقمان لێ ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانی ئەو بڕیارە زۆر بەڕوونی خراوەتەڕوو، ئێستە چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین.

ھەواڵی زیاتر