کۆمپانیایەکی کوردستان بۆ یەکەم جار لە کێڵگەکانی نەوتی عێراق وەبەرهێنان دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی عێراق بەمەبەستی بەرهەهێنانی زیاتری نەوت و گاز لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی بە گەرێکی نوێی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە کۆمپانیاکان کردووە و چینییەکان توانیان ببنە براوەی زۆربەی ئەو مۆڵەتانەی لە ڕۆژی یەکەمدا پێشکەش کران و کۆمپانیایەکی کوردستانیش دوو مۆڵەتی بردەوە.

عێراق لە ڕابردوودا و تا ئەم ساتەش زیاتر نەوتی خاوی دەرهێناوە و هەر بە خاویش هەناردەی کردووە و کەمتر لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و پێترۆکیمیاییدا وەبەرهێنانی کردووە. ئەو حکوومەتە لە پێناو ڕاکێشانی سەرمایە و کەمکردنەوە هاوردەی گاز، بیست و نۆ پڕۆژەی نوێی لە ناوچەکانی ناوەند و باشوور و ڕۆژئاوای عێراق خستوەتە بەردەم وەبەرهێنەر و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان.
سەرووی بیست کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی هەڵگری مەرجەکان بوو و ڕێی ئەوەیان پێ درا لەو سێ ڕۆژەدا ڕەکابەرێی بردنەوەی مۆڵەتەکان بکەن. هەر کۆمپانیایەک بە کەمترین قازانج بێتە ناو پڕۆژەکان ئەوا چانسی سەرکەوتنی زیاترە .
ڕۆژی شەممە بەشێک لەو پڕۆژانە یەکلا کرانەوە و دیاری کران بە چ کۆمپانیایەک دەدرێن و بڕیارە تا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ئایار پڕۆژەکانی تریش یەکلایی بکرێنەوە.
لەو نۆ پڕۆژەیەی یەکلا کرانەوە، کۆمپانیا چینییەکان پشکی شێریان بەرکەوت و بوونە براوەی زۆربەی پڕۆژەکان. بەگوێرەی ڕۆیتەرز کۆمپانیای نەوت و گازی سروشتیی ژونگمان، یۆنایتد ئینرجیی چین و ژینهوا لەو کۆمپانیا چینییانە بوون کە پێنج پڕۆژەیان بردەوە.
کۆمپانیای کار کە کۆمپانیایەکی کوردییە توانی لەو نۆ پڕۆژەیەی یەکلا بوونەوە دووان بباتەوە. ئەو کۆمپانیایە کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە و لە پڕۆژەکانی بەردەوامە، ئەم جارە سنووری کارکردنی بەرفراوانتر کردووە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش کار دەکات. کۆمپانیاکە گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی دیمەی لە پارێزگای میسان و کێڵگەکانی ساسان و عەلانی بردەوە کە نەوت و گازیان تێدایە.
فەلاح عامری ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و نەوت و گاز بەو سەرچاوەیەی ڕاگەیاند ئامانجی حکوومەت ئەوەیە پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوت بدات و تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە نزیک پێنج ملیۆن بەرمیلەوە بۆ شەش ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە.
بەگوتەی ئەو ڕاوێژکارە ئامانجێکی دیکەی حکوومەتی عێراق ئەوەیە گازی سروشتی بەرهەم بهێنرێت و لەپاڵ کۆنترۆڵی ئەو گازەی لە کێڵگەکانەوە دەردەچێت، پێداویستییەکانی ناخۆی عێراق بە گازی سروشتی دابین بکرێ و چیدی عێراق حەوجێی هاوردە نەبێت.
بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی عێراق بە گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و بەرهەمەکەش بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی گازە تا بتوانن پێداویستیی عێراق بە وزە دابین بکەن، عێراق دەخوازێت لە ناوخۆ گازی سروشتی بەرهەم بهێنرێت چونکە لە لایەک پارەیەکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و لە لایەکی تر لە سەرئێشەی سزاکانی ئەمەریکا کە لە دژی ئێران جێبەجێیان دەکات و جاروبار مۆڵەتی کڕین بۆ عێراق درێژ دەکاتەوە، ڕزگاریی دەبێت.
بەگوتەی عامری جارێ بۆ عێراق زووە باس لە هەناردەی گازی سروشتی بکات بەڵکوو هەموو هەوڵێکی ئەوەیە لە هاوردە بێنیاز بێت و پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و پاشان بیر لە هەناردەکردن دەکاتەوە.
عێراق لە دوای سعوودیە بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت هەژمار دەکرێت و ئامانجی درێژخایەنی ئەوەیە لە داهاتوودا بتوانێت ١٠%ی پێداویستییەکانی جیهان بە نەوت دابین بکات.
بەهۆی گەندەڵی و ئەو کێشە سیاسییانەی بەربینگی عێراقیان گرتووە ئەو وڵاتە نەیتوانیوە پەرە بە پڕۆژەکانی بدات و لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆمپانیای بەناوبانگی وەک ئێکسۆن مۆبیل و ڕۆیاڵ دۆچ شێڵ لە هەندێک لە پڕۆژەکانی بواری نەوت پاشەکشەیان کردووە، بەڵام کۆمپانیا چینییەکان زیاتر هاتوونەتە پێش و خەریکە لە عێراق ڕۆڵی زیاتر دەگێڕن.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا دیار نییە بیست پڕۆژەکەی تر زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی کام وڵاتی جیهان دەردەچن. جگە لە چین کۆمپانیاکانی وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپی و ئەمەریکی و ناوخۆییش بەشدارییان کردووە.

ھەواڵی زیاتر