بەردی بناغەی کەناڵێکی ئاو بۆ بەنداوێکی دهۆک داندرا

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیزاین و بەردی بناغەی ئەو کەناڵە داندراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە هێنانی ئاوە لە سەر چیا وپشتی چیا، هەروەها هەوڵی ئەوە دراوە کە بە دیزاینێکی باش، بیرۆکەیەکی گەشتیاریشی لێ وەرگرین بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک و دەڤەرەکانی دیکەش، ڕێگەیەکی گونجاو و دروستکردنی تاڤگەیەکی ئاو دروست بکرێت تاکو ببێتە پڕۆژەیەکی گەشتیاری.

هەروا دەڵێت: “ئەم پڕۆژە دەبێتە تەواوکەری پڕۆژەی گەشتیاری کۆڕنیشی دەوروبەری بەنداوی دهۆک و لە ماوەیەکی کەمدا دروست دەکرێت. بەدڵنیایشەوە دەبێتە پاڵنەرێکی گەورە بۆ پڕۆژەکانی گەشتیاری لە سەنتەری دهۆک و پارێزگای دهۆک”.

عەلی تەتەر دەشڵێت: “کێشەی ئێمە کێشەی ئاو بوو، بەڵام لە نزیکەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دیزاینی پڕۆژەکەی بینی و پێشنیازەکەش پێشنیازی مەسرور بارزانی بوو، چونکە ئەو بینی ئێمە زیاتر لە 26 ملیار دینارمان خەرج کردووە بۆ ڕاکێشانی ئاو، بۆیە پێشنیازی ئەوەی کرد کە پڕۆژەیەک دروست بکرێت. هەروەها وەکو بابەتێکی گەشتیاریش بۆ هاووڵاتییان بەتایبەت هاووڵاتییانی دهۆک و دوور بێت لە پڕۆژەی بێ سەروبەر، هەروەها  یەکسەریش نەچێتە ناو زەریاچە و بەنداوی دهۆک”.

ڕاشیگەیاند، “بۆ ئەم پڕۆژە زیاتر لە ملیارێک دینار تەرخان کراوە، لەگەڵ پڕۆژەیەکی دی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بوژاندنەوەی زەویی بەنداوی دەوروبەری دهۆک دەبێت، وەکو پڕۆژەیەکی گەشتیاری بۆ دهۆک بەکار دەهێنرێت، هەروەها بۆ جوانکردنی سیمای ناوچەکەش”.