یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و سعودیه‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت

به‌م نزیكانه‌ یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی هه‌رێم به‌ره‌و سعودیه‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت.

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئاماده‌كاریه‌كانیان كۆتایی هاتووه‌ و بیست و حه‌وتی ئایار، یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی هێڵی ئاسمانیه‌وه‌ به‌ره‌و سعودیه‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت. 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم دوێنێ نیاز راغب نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌، له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ كارگێرییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی  دهۆك بۆ وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ و به‌رپرسی  نوسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كان و سه‌رۆكی لیژنه‌ كارگێرییه‌كانی شاری مه‌ككه‌ كۆبۆوه‌. 

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا خشته‌ی كاره‌كان بۆ ئاماده‌بوان خرایه‌ڕو، تاوه‌كو هه‌رلایه‌ك ئاگاداری ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی خۆی بێت بۆ خزمه‌تكردنی حاجیان له‌ وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ به‌ ئاماده‌بوانی راگه‌یاند، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێك بخه‌نه‌گه‌ڕ به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی حاجیان و پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری و ئه‌نجامدانی ئاسانكاری بۆ حاجیان تاوه‌كو بتوانن به‌ ئاسانترین شێوه‌ ئه‌ركه‌ ئاینیه‌كانیان به‌جێبگه‌یه‌نن. 
ئاماژه‌ به‌وه‌شكرا له‌ 27ی ئایار، یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی هه‌رێم به‌ رێگه‌ی ئاسمانی به‌ره‌و سعودیه‌ به‌رێبكه‌وێت، هه‌روه‌ها به‌ رێگه‌ی وشكانیش له‌29ی ئایار یه‌كه‌م كاروانی حاجیان به‌ڕێده‌كه‌وێت، به‌ مه‌به‌ستی به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج كه‌ ژماره‌ی سه‌رجه‌میان چوار هه‌زار و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا و پێنج كه‌سه‌.