بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بڕیاری قەرەبووكردنەوەی دوكاندارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر درا

لەژێر فەرمان و ڕاسپردەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە سەرجەم دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر سوتانی بازاڕی قەیسەری و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، ئاماژەى بەوە دا كە وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر لە ئەوان زیاتر دڵگران و خەمبارن بەو ڕووداوەى لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر ڕووی دا.

گوتیشی: لە هەولێر کار و کەسابەتى کاسبکاران لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە و دڵنیابن کە بەتەنها جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت درێغى لێ ناکەین. جەختیشى لەوە کردەوە کە هەموو خەڵکی شاری هەولێر وەک ئێوە بگرە زیاتریش دڵگران و خەمبارن بە سوتانی ئەو بازاڕە، چونکە (بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە) ناسنامەی شارەکەمانە.

هەروەها گوتی: لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، ئێوەش هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکى لایە سوپاستان دەکەین هاوکارى تیمەکانى لێکۆڵینەوە بکەن، دڵنییاشتان دەکەینەوە لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەنرێت.

پاشان ئومێد خۆشناو ئاماژەى بە چەند بڕیارێک دا کە لە بەرژەوەندى کاسبکارانى بازاڕەکە و لەپێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، لەوانە:-

یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.

دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاووڵاتییان.

سێیەم/ لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زووترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.

چوارەم/ چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.

پێنجەم/ هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسییانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.

شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.

حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکوومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.

هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.

نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%)ى باج و بۆ ساڵى 2024 لە (100%)ى باج دەبەخشرێن.

دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە “بانکى جیهان” بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تاکو (36) مانگ سوودمەند بێت.

یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى (تەنها دینارى عێراقى) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند كە سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان بن لە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگى تیمەکان بن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکو پارێزگاى هەولێر و حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت درێغی لێ ناکەین.