ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بنکەی لالش بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری بە گەورەترین دامەزراوەی ڕۆشنبیری ئێزدی دادەنرێت، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ١٢/٥/١٩٩٣ بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆکردنەوە و بەدیکیۆمێنتکردنی قەول و بەیت و ڕێوڕەسمە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی دامەزرا، سی و چوار لق و نووسینگەی لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەدا ھەیە، لە ڕێگەی لق و نووسینگەکانی خزمەتێکی زۆری بواری ڕۆشنبیری و کولتووری و شارستانێتی ئێزدیان کردووە و ئەو بزاڤەش لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیان زیاتر بووژاوەتەوە.

بنکەی لالش لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی لەڕێی ھەڵبژاردن و بەشێوەی دیموکراسی درێژە بە کارەکانی دەستەی بەڕێوەبەری بنکەکە بدات و توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر دیبەیت و سیمینار بەشێوەی ئەکادیمی بەڕێوەببات و پێکەوەژیان لە کوردستان بەھێزتر بکات.
سەعید جردۆ شنگالی، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەڵێت: خەون و حەز و ئارەزووی ڕۆشنبیرانی ئێزدی ئەوە بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بنکەیەکی ڕۆشنبیری کە تایبەت بێت بە کەلتووری ئێزدییەکان بکرێتەوە، پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ئەو خەونە ھاتە دی و بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش کە بنکەیەکی جڤاتیی کوردانی ئێزدییە، لە ساڵی ١٩٩٣ بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دامەزرا، توانی ھەموو نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئێزدی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە لە پێناو ئەرشیفکردنی کلتووری ئێزدییەکان و تێکستی ئۆلی ئێزدییەکان و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوایەتی، ڕۆژبەڕۆژ ڕۆلی بنکەی لالش لەنێو کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و ئێزدییەکان بەتایبەتی زیاتر دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش دەکات، بنکەکەمان کار دەکات لە پێناو ئەوەی ئایینی ئێزدی لە خزمەتی ڕۆشنبیران و لایەنی کۆمەڵایەتی و ناساندنی کەلتووری پێکەوەژیان بێت، دوای تێپەڕبوونی سی و یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی بنکەکەماندا، کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی نوێمان لە بەردەستدایە، بەردەوام لە خزمەتی کوردانی ئێزدی و ڕۆشنبیرانی ئێزدیدا دەبین.
سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، گوتیشی: لە ھەموو ناوچەکانی ئێزدینشین نووسینگە و لقمان ھەیە، جگە لەوەی لە عێراق و ھەتا جیھانیش نووسینگەمان ھەیە، کە ئێستە ھەشت لق و بیست و شەش نووسینگەمان ھەنە، لە داھاتوودا نووسینگە و لقی دیکەش دەکەینەوە.
سەعید جردۆ شنگالی، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەشڵێ: ئەمڕۆ بەبۆنەی دامەزراندنی بنکەی لالش کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت، کاتژمێر دە پێشوازی لە میوانان دەکەین، پاش نیوەڕۆکەی چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان ھەیە، بنکەی لالش لە داھاتوودا چەندین چالاکی دیکەی دەبێت ھەموو ئەو چالاکیانەش لە خزمەت کوردانی ئێزدی دەبن، ھەموو ئەو چالاکییانەی کە کراون، ئەوانەی لە داھاتووشدا دەکرێن بە پشتگیری و پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت، بۆیە سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە بەردەوام خەمخۆری ئێزدییەکان و بنکەکەمانە.
سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، جەختی لەوەشکردەوە: لەو ڕۆژەوەی بنکەی لالش دامەزراوە ھەتا ئێستە سەرۆک بارزانی بەردەوام پشتگیری لە بنکەکەمانی کردووە و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئێمەی کردووە، لە چەندین کار و چالاکی ئێمەدا بەشدار بووە، لەگەڵ ئەوەش سەرۆک بارزانی نەک تەنیا پشتگیری لە مافی ئێزدییەکان دەکات، بەڵکو بەردەوام پشتگیری لە مافی ھەموو پێکھاتەکان کردووە کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین.
سەعید جردۆ شنگالی، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، گوتیشی: لە ھەموو سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆماندا تەئکید لەوە دەکەینەوە کە دەستوور جێبەجێ بکرێت و ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و پێکھێنانی ھێزی ھاوبەش و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە، دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و ئاساییبوونەوەی ڕەوشی شنگال، بەڵام بەداخەوە ھەندێک گرووپی چەکداری میلیشیات و بیانی بوونەتە ڕێگر لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی و ئاوارەکان، ئێزدییەکانیش بەبێ بوونی پێشمەرگە و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال ھیچ متمانە و ئومێدێکیان نەماوە، ئامادە نین لەژێر سێبەری بێ یاسایی و ڕفاندنی ھاووڵاتییان و کوشتن و نائارامی و ناسەقامگیریدا ماڵ و منداڵیان بخەنە مەترسییەوە، ئەوەی ئێستە لە شنگال دەگوزەرێت بەغدا بەتەواوی لێی بەرپرسیارە.