جووتیارانی پەلکانەی کەرکووک لەبەردەم بەفیڕۆچوونی ڕەنجەکانیان

ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە چوونە سەر کاری جووتیارانی پەلکانەی سنووری کەرکووک بەردەوامە و ڕێگە نادەن جووتیاران ڕەنجی ساڵێکی خۆیان بدوورنەوە و بە هێز هەوڵی داگیرکاریی زەویەکانیان دەدەن.

هەرچەندە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا مەترسییەکە لەسەر جووتیارانی کورد بە تەواوی نەڕەویوەتەوە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندووە؛ عەرەبی هاوردە خێوەتەکانیان دەپێچنەوە و جووتیارانی کورد دەتوانن دروێنەی بەرهەمی ئەمساڵیان بکەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ڕێگرییەکانی سوپا لە جووتیارانی کورد بۆ دروێنەی بەرهەمەکانیان لە ئەنجامی سکاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لە بەغدا قسەمان کرد و لە چوارشەمەوە فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک کراوە ڕێگرییەکان هەڵگرن و جووتیاران دروێنەی بەرهەماکانیان دەست پێ بکەن. بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆیەک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک و ئەمڕۆ جاریکی دیکە لە ڕێگەی بەغداوە نووسراوەکەمان گەیاندە کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک.
دەشڵێت؛ نووسراوەکەیان وەرگرتووە و لە ئەمڕۆوە دەست بەهەڵگرتنی خێوەتەکان دەکەن و جووتیارەکانیش دەست بەدروێنەی بەرهەمەکانیان دەکەن.