بەبێ كورد ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی لە توركیا نایەتە دی

كارزان گلی – هه‌ولێر

كەش و هەوای سیاسی لە توركیا، بەرەو نەرمی دەچێت، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، سیاسەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و هەروەها ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتیان پەیڕەو كردەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا رایگەیاند، ئیدی كاتی ئەوەیە، بارودۆخی سیاسی ئاسایی بكەینەوە و واز لە زمانی زبر بهێنێن، بەڵام كورد پێیوایە، بەبێ كورد هەرگیز لە توركیا ئاشتی كۆمەڵایەتی نایەتە بوون.

كۆبوونەوەی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لەگەڵ ئەردۆغان، بارودۆخی سیاسی لە توركیا ئارام كردووەتەوە، زمانی هەڕەشە و سووكایەتی و زبر تا ئاستێكی زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام ئەمەش تا ئەوكاتە دەبێت، كە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پەیوەندییەكانیان باش بێت و بەتێكچوونی ئیدی هەموو ئەو هەنگاوانەی سەراوژێر دەبنەوە.
هۆكاری سەرەكی ئەو ئارامییەی لەڕووی سیاسەتی ناوەخۆییەوە لە توركیا بوونی هەیە، هەمواركردنەوەی دەستووری توركیایە، كە هاوپەیمانیی (كۆماری) لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە، دەیانەوێت دەستوور هەموار بكەنەوە و بۆ ئەمەشیان پێویستیان بە ئۆپۆزسینە، هەروەها پویستیان بەوەیە، لەڕووی ناوەخۆییەوە ئاتماسفۆری سیاسی ئارام بكەنەوە.
كورد وەكوو نەتەوە، لە هیچ شوێنێكی ئەو دەستوورە نییە كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هیوای بۆ دەخوازن، كورد حیسابی بۆ نەكراوە، بۆیە دەم پارتی پێوایە، بەبێ كورد هیچیان پێناكرێت و هەرچیش بكەن ئەنجامی نابێت.
گوڵستان كلیچ كۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی، دەڵێت ئەوان دەرگا بەڕووی بە ئاكەپە داناخەن بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستوورێكی تازە، دەبێت شانسیان بدرێتێ و ئەو شانسەش بۆ ئاكەپە نییە، ئەو شانسە بۆ دەستوورێكی تازەیە.
گوڵستان، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێیوایە، بەبێ كورد ناتوانن هیچ دەستوورێكی تازە بنووسنەوە، ئەگەر بشیكەن ئەنجامی نابێت.
هەروەها رەخنە لە جەهەپە دەگرێت، بەوەی كاتێك باس لە ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاساییبوونەوەی سیاسەت دەكەن، تەنیا داوا دەكەن، عوسمان كاڤالا ئازاد بكرێت، لەكاتێكدا دەیان زیندانی سیاسی لە گرتوخانەكانی توركیان، هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و دەیانی تر هەن، پێویست دەكات ئازاد بكرێن، بەبێ ناوهێنانی ئەوان، كەواتە ناتوانن باس لە ئاساییبوونەوەی بارودۆخ بكەن.
موراد سابونجوو، نووسەر و رۆژنامەنووسی توركیا، لە وتارێكدا باس لە گرنگی كورد دەكات لە توركیا و پێیوایە، ناكرێت دەستوورێك بنووسرێتەوە كە كورد رۆڵێ تێدا نەبێت.
ئەو بە پشت بەستن بە چەند دەزگای راپرسی لە توركیا، كوردەكان لە توركیا شەڕی ناسنامە دەكەن و زۆربەیان دەیانەوێت لە توركیادا وەكوو نەتەوە بناسرێنرێن.
لە وتارەكەیدا دەڵێت: ”كوردەكان فۆكەس دەخەنە سەر چوار شت، نەتەوە، زمانی دایك، یەكسانی و ئادازی“.
سابونجوو، لە كاتێكدا ئەم قسانە دەكات، كە چەندین ساڵە كورد بۆ ئەو چوار بابەتە خەبات دەكات و هەرگیز خۆیان بە یەكسان لەگەڵ توركدا لە توركیا هەست پێنەكردووە.
ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا، پێشتر لە وتارێكدا داوای لە حكوومەت و پەرلەمانی توركیا كردبوو، پێویست دەكات مافی كورد بدرێت، سەرەتاش دەبێت دان بە زمانەكەیدا بنرێت و دانیش بەوەدە دەنێت كە لە توركیا، كورد و تورك یەكسان نین و هەمیشە تورك لە پێش كوردەوەیە و ئەو مافەی بۆ توركێك هەیە بۆ كوردێك نییە.
كوڵستان، لە درێژەی قسەكانیدا داوای كرد، كە كورد ئاشت بكرێتەوە و دەڵێت: ”ئەگەر لەم وڵاتەدا كورد ئاشت نەكرێتەوە، ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناوەخۆیی مومكین نییە، بۆیە دەڵێین ئەگەر دەتانەوێت ئاشتی كۆمەڵایەتیی و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی سیاسی روو بدات، دەبێت لە كۆبانێیەوە دەستپێبكرێت.“