بەختەباران کەشی بەهارەی لە قەزای بازیان نوێکردەوە

نووسینی: یاسین ئەحمەد

لە کوردەواریدا بەختەباران بەو بارانە دەوترێت کە لە مانگی پێنج (مایس)دا دەبارێت، لە هەندێ ناوچەی کوێستانی و ساردی کوردستاندا بەو بارانە دەوترێت کە لە مانگی جۆزەرداندا دەبارێت، کە لە (٢١/٥) بۆ (٢١/٦) دەکات، لەو ناوچانە پێی دەڵێن: بارانی جۆزەردان ئەو بارانەی کە گوڵە دەغڵ قەڵەو دەکات، کورد دەڵێت ئەگەر جووتیار و گوندنشینان بەختێکی باشیان هەبێت ئەوا ئەوساڵە لە مانگی پێنجدا باران دەبارێت کە بارانێکی کەمە و بەسوودە بۆ گەشەکردنی زیاتری دەغڵودان، چوونکە دوای مانگی چوار کە مانگی شەستەبارانە مانگی باران بڕان دێت و ڕووی زەوی کە سەوزوشیناییە بەهۆی گەرمی خۆرەتاوەوە، زەرد هەڵدەگەڕێ.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا لە قەزای بازیان زیاد لە (٨٠ملم) باران باریوە، کە سوودێکی زۆری هەبوو بۆ دەغڵودان بەتایبەت گەنم و نۆك، وە بۆ لەوەڕگە سرووشتییەکان و هەروەها بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و چەم و کانی و بیر و سەرچاوە ئاوییەکان.
بارینی ئەم بڕە کۆی گشتی دابارینی لەمساڵدا لە بازیاندا لە (٨٠٠ملم) تێپەڕاند، کە ئەم بڕە لە وەرزێکی دابارینی ساڵدا ڕێژەیەکی پێویست و گونجاو و ستانداردە، چوونکە کشتوکاڵ و لەوەڕگەی سرووشتی بازیان پێویستی بەو بڕە بارانە هەیە بۆ ئەوەی پێی بوترێت ساڵێکی بەهات و بەبەختە، هەروەها سامانی ئاوی بازیانیش کەمناکات و بەشێکی کانی و سەرچاوەکان دەبووژێننەوە.
بەختەبارانی ئەمساڵ لە قەزای بازیان چەندین سوودی گرنگی هەبوو، هەرچەندە لە هەندێك ناوچەی کوردستان بەهۆی لێزمەباران و دروستبوونی لافاو و هەورەبروسکەوە بەداخەوە زیانی لێکەوتەوە، بەڵام لە قەزای بازیان خۆشبەختانە بارانەکە لافاوێکی ئەوتۆی دروستنەکرد کە زیانی زۆری هەبێت، بەڵام هەندێك کات شەستەباران باری کە زیانی بە هەندێك کشتوکاڵی وەك (جۆ) گەیاند، جیا لەمانە چەندین سوودی هەبوو، وەك: کەشی بەهارەی نوێکردەوە و وەرزی فێنکیی بۆماوەیەک درێژکردەوە کە پێش بارانەکە کەشێکی نیمچەگەرم ڕووی لە ناوچەکە کردبوو، بە وتەی جوتیاران سوودی باشی هەبوو بۆ کشتوکاڵ و دەغڵودان بەتایبەت بۆ گەنم و نۆك و…، هەروەها بە وتەی گوندنشینان سوودی زۆری هەبوو بۆ لەوەڕگەی سرووشتی و گەشەکردنی گژوگیا و ڕووەکی سرووشتی، هەروەك دەڵێن: گژوگیا خشت بووە، واتا لە زەبەنی و گەشەکردنی زۆرەوە ڕێکبۆتەوە، سوودی هەبوو بۆ زۆربوونی ئاوی ژێرزەوی و بەرزبوونەوەی ئاوی بیرەکان و بووژانەوەی چەندین کانی و سەرچاوەی ئاو و چەمەکان.
جوانکردنی سرووشت سودێکی دیکەی بەختەبارانی ئەمجارە بوو، سرووشتی بازیان بووژایەوە، دیمەنی سەوزوشینایی شاخ و دەشتی بازیانی هێشتەوە، جیاواز لە ناوچەکانی دەورووبەری کە زەرد بوون و ڕەنگ و ڕەونەقی بەهاریان کۆتایی هاتووە، هەروەها مەترسییەکانی مێروە زیانبەخشەکان و نەخۆشییەکانی تری ڕووەکی بۆ ماوەیەك دواخست و دوورخستەوە.
پێدەچێت ئەم بارانە سوودێکی زۆر بە بواری هەنگەوانی لە بازیان ببەخشێت، چوونکە بڕێکی باش لە گوڵە بەهارییەکان سەریان دەرهێنا و گوڵی درەختەکانیش تەڕبوون و لە وشکبوون پارێزران، ئەمەش شیلەی پێویست بۆ هەنگ دابیندەکات..