ئازاد تۆفیق: له‌ سێ مانگی داهاتوودا ڕێكاره‌كانی به‌قه‌زابوونی خورماڵ ده‌ستپێده‌كات

پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، دەبێت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان جێ په‌نجه‌ی خۆیان له‌خزمه‌تكردنی خورماڵ دیار بێت، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، له‌ سێ مانگی داهاتوودا رێكاره‌كانی به‌قه‌زابوونی خورماڵ ده‌ستپێده‌كات.

ئەمڕۆ شەممە (11ـی ئایاری 2024) ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌ قه‌زابوونی خورماڵ، رایگەیاند، له‌ سێ مانگی داهاتوودا رێككاره‌كانی به‌قه‌زابوونی خورماڵ ده‌ستپێده‌كات.

ئازاد تۆفیق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م بڕیاره‌ گرنگه‌، گوتیشی: دەبێت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان جێ په‌نجه‌ی خۆیان له‌خزمه‌تكردنی خورماڵ دیار بێت.

رۆژی یەکشەممەی (30ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین داواکاری بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و ئامادەکارییەکان بۆ بەقەزاکردنی خورماڵ تەواو بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (9ی ئایاری 2024)،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ به‌قه‌زاكردنى خورماڵ ئیمزا كرد.

نێچيرڤان بارزانى پاڵپشت به‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌ژێر ڕۆشناييى داواكاريى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه‌، بڕيارى دا به‌ هێنانه‌كايه‌ى قه‌زاى خورماڵ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌مان سنوورى ئێستاى ناحيه‌ى خورماڵ.