شاخەوان عەبدوڵڵا: لە ئەمڕۆوە عەرەبی هاوردە خێوەتەکانیان دەپێچنەوە

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی ئاگاداری ئاراستەی جووتیارانی گوندی پەڵکانە و سنووری پارێزگای کەرکووک کرد و ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە عەرەبی هاوردە خێوەتەکانیان دەپێچنەوە و جووتیارانی کورد دەتوانن دروێنەی بەرهەمی ئەمساڵیان بکەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاگادارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: دوای ڕێگرییەکانی سوپا لە جووتیارانی کورد بۆ دروێنەی بەرهەمەکانیان لە ئەنجامی سکاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لە بەغدا قسەمان کرد و لە چوارشەمەوە فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک کراوە ڕێگرییەکان هەڵگرن و جووتیاران دروێنەی بەرهەماکانیان دەست پێ بکەن. بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆیەک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک و ئەمڕۆ جاریکی دیکە لە ڕێگەی بەغداوە نووسراوەکەمان  گەیاندە  کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک.

هەروەها نووسیویەتی: نووسراوەکەیان وەرگرتووە و لە ئەمڕۆوە دەست بەهەڵگرتنی خێوەتەکان دەکەن و جووتیارەکانیش دەست بەدروێنەی بەرهەمەکانیان دەکەن.

Wئاماژەشی داوە، ئاگاداری هەموولایەک پێنجشەممەی ڕابردوو پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراو پشت بەخودا لەیەکەم دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانە بە یەکجاری کۆتاییان بێت .