سەرۆکی هەرێمی کوردستان فه‌رمانى به‌قه‌زاكردنى خورماڵ دەردەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بەقەزاکردنی خورماڵی دەرکرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (9ی ئایاری 2024)،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ به‌قه‌زاكردنى خورماڵ ئیمزا كرد.

نێچيرڤان بارزانى پاڵپشت به‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌به‌ر ڕۆشناييى داواكاريى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه‌، بڕيارى دا به‌ هێنانه‌كايه‌ى قه‌زاى خورماڵ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌مان سنوورى ئێستاى ناحيه‌ى خورماڵ.

ئه‌م بڕياره‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و هه‌موو ڕێكاره‌ ئيدارييه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. به‌قه‌زاكردنى خورماڵ ده‌بێته‌ هۆى باشتربوونى ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ له‌ڕووى خزمه‌تگوزارى و كارگێڕييه‌وه‌ و خزمه‌تى زياتر به‌ خه‌ڵك و هاووڵاتييانى ده‌كات.

رۆژی یەکشەممەی (30ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.

ناحیەی خورماڵ کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکرێتە قەزا؛ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاکە و 70 کیلۆمەتریش لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی خورماڵ زیاتر لە 22 هەزار کەسە و 46 گوند لەخۆ دەگرێت.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.