ئێوارەى ئەمرۆ چوارشەممە 2024.5.8، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسان، لە ڕێورەسمێکدا لە سەنتەری ئاڵا و لە ژێرناونیشانى “چەپکێک گوڵی هاوزەمان” ڕێزلێنان پێشکەش بە شەش شاعیر و چیرۆکنووس و ئەدیبی دیارى شارى هەولێر کرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، دواى خوێندنەوەى دەقە ئەدیبیەکانى ئەدیبان لەگەڵ گۆرانی و میوزیک بە بەشداری هونەرمەند ( هۆشیارکەریم)، لە لایەن پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، خەڵاتى ڕێزلێنان پێشکەش بە هەریەک لە ئەدیب و شاعیران (زانا خەلیل، سەرکەوت ڕەسوڵ، بێکەس حەمەقادر، سابیر ڕەشید، باهۆز مستەفا، ڕێدار سابیر) كرا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواستن.