لە ئیدارەی سۆران پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەبواری وەبەرهێنان تەواو دەكرێن

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە چوارچێوەی ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کارکرن لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە چەند سێکتەرێکی جیاواز بەردەوامە.

لەم بارەیەوە دڵڤان عومەر، بەڕێوبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتی لە کەرتی وەبەرهێناندا ئێستا لە پێنج سێکتەری جیاواز کار لە چەند پرۆژەیەک دەکرێ، پرۆژەکانیش بریتین لە پرۆژەی بازرگانی، گەشتیاریی، تەندروستی، پەروەردەیی و نیشتەجێ بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران دەشڵێت: ئەمساڵ ئەو پرۆژانەی تەواو دەبن پێکدێن لە پڕۆژەی بازرگانی و تەندروستی و پەروەردەیی و گەشتیاری، هەروەها چەند مۆڵەتێکی تازەش دراوە بە چەند پرۆژەیەکی تر”
دڵڤان عومەر، گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە بۆ کارکردن پێکدێن لە پڕۆژەی گەشتیاری پیشەسازی و پەروەردەیی. لێژنەکانمان بەردەوام چاودێری ئەنجامدانی پڕۆژەکان دەکەن و بە دواداچوون بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە دەکەن کەوا لە بواری وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان تێدا دەکرێت. بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژانەش چەندین دەرفەتی کاری تازە بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت.