تاران و ئەنکەرە دەخوازن پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەن

سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ئەو پێشوازییەی لێی کرا و ئەگەری سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا، هێندەی تر بایەخ و پێگەی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتان بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی بەرجەستە کردووە، سەنگی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم وڵاتانە وەک فاکتەری ئاسایش و ئابووریی ناوچەکە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پێگەی خۆی زیاتر سەلماندووە.

لە ڕابردوودا کەم نەبوون ئەو وڵاتانەی لە سەر بنەمای پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان ویستیان پەرە بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا بدەن، ژمارەیەک لەوانە بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ ەوە خەونی ناخۆشیان بە هەرێمەوە دەبینی و وایانزانی بە چەند قەیران و کێشەیەک، هەرێمی کوردستان خۆی بەدەستەوە دەدات بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و بۆیە بۆچوونیان گۆڕاوە و بەو قەناعەتە گەیشتوون دەبێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی خاوەن پێگە و سەنگی یاسایی و دەستووریی خۆی تەعامولی لەگەڵدا بکەن.
وەک چۆن لە دوای ئازادبوونی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وڵاتانی ڕۆژئاوا کێبڕکێی ئەوەیان بوو زووتر لە ئەوی تر لە هەرێمی کوردستان نزیک بکەونەوە و بە ناردنی کۆمپانیا و کردنەوەی کونسوڵگە و نوێنەرایەتی پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن، دیمەنێکی هاوشێوە خەریکە لە ئاستی ناوچەکەدا دێتە کایەوە و وڵاتانی دراوسێ ئەم جارە حەز دەکەن نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تاکلایەنەی خۆیان بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان نزیک ببنەوە.
سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا و دەستەیەک لە باڵاترین وەزیرەکانی بۆ عێراق و پاشان هاتن بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گرنگ بوو کە سەلماندی تورکیا پێگەی هەرێمی کوردستانی بەلایەوە گرنگە و دەخوازێت پێوەندییەکان لەگەڵیدا پتەوتر بکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە سنوورێکی زۆر درێژتری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە لە ڕابردوودا چەند هەنگاوێک لە دوای تورکیا بووە و زیاتر لەسەر بنەمای ئەمنی ویستوویەتی پێوەندییەکان پەرە پێ بدات و کەمتر گوێی بە فاکتەری ئابووری و بازرگانی داوە بەڵام دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەردەکەوێت ئێران حەز دەکات پێداچوونەوەیەک بەسەر کۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئێران سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرزترین دەسەڵاتدارانی ئێراندا کۆبووەوە. لەوانە سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵا، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆمار، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و چەندی بەرپرسی باڵای تری ئێران.
ڕێبەرانی ئێران زۆر بە بایەخەوە پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و وەک میدیاکانی ئێرانیش دانیان پێدا نا هەندێک کۆبوونەوە و دیدار لەسەرووی پێشوازیکردن لە میوانێکی بیانی بووە و ژمارەیەکیان بە باڵوێزی ئاشتی ناوی سەرۆکی هەرێمی کورستانیان هێنا و بە بایەخەوە ڕووماڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی گەشتەکەشیدا پێداگری لەسەر کرد، پێوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێوەندییەکی زۆر گرنگ و مێژوویییە و زۆر شتی هاوبه‌شی پێكەوەیان هەیە كە ئەوان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و باسی لەوەش کرد کە قۆناغێکی نوێ لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران دەستی پێ کردووەتەوە و بە فەرمی بانگهێشتی سەرکۆماری ئێرانی کردووە دوای گەشتەکەی بۆ بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
بەگشتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وریایی ئەو دۆخە سەختەی تێپەراندووە، ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی بە چاوی ئەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکرێ کە فاکتەرێکی گرنگە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی و دروشمی زۆربەیان هەرێمێکی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا. وڵاتانی دراوسێش خەریکە ئەم ڕاستییەیان قبوڵ دەکەن و دەخوازن قۆناغێکی نوێ لە پێوەندی دەست پێ بکەن.
هەرێمی کوردستانیش بە دووبارە ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لە لایەک و وڵاتانی تری جیهان لە لایەکی تر لەو تاقیکردنەوەیە بە سەرکەوتوویی هاتە دەرەوە و خەریکە قۆناغێکی نوێ لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر لەگەڵ تاران و ئەنکەرە و وڵاتانی تر دەست پێ دەکات.
هەرێمی کوردستان لە چەندین ڕەهەندی وەک ئەمنی و بازرگانی بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە، هەبوونی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هۆکارە لە سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام پێچەوانەکەی دەتوانێت زیانی بۆ ئەو وڵاتانەش هەبێت.
هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە فاکتەری بەهێزکردنی ئابووری ئەم وڵاتانە، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سەرووی پێنج ملیار دۆلارە و قەبارەکە لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە و جۆرێک ڕکابەرێی بازرگانی لە نێوان ئێران و تورکیا بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەئارادایە و ئەمەش لە دنیای ئەمڕۆدا بە شتێکی ئاسایی هەژمار دەکرێت.
نیازی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان پاکە و سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕابردوودا بە بیانووی جیاواز ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام دیسان هەرێمی کوردستان دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ کردوون.