ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی بەرامبەر سوتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کرد و جەختی لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم کردەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە، هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە هەوڵ دەدەین بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.

دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی شاندێکی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەکانی بەغدای تێدابوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکوومەتی فیدڕاڵی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکوومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکەش بەردەوامە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بانکێکی حکوومی فیدڕاڵییە.

سەرۆک وەزیران ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.

بڕگەی دووەم گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو و وردەکارییەکەی لەلایەن سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەوە خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم و بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لەپێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەمبارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت، ئەنجوومەن بڕیاری دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

لە کۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی پوختی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی وەزارەتەکەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەکانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەکانی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و شاندی وەزارەتەکەی بۆ هەوڵ و ماندووبونیان، جەختی کردەوە کە ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە مافە دەستوورییەکانی هەرێم دابین بکات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی بەنداو و ئاودێری و داکۆکیکردن لە ماف و شایستەکانی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و سوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستەبەر کراون