بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من) دەکات

بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی ڕێنماییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم حەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا.

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق.
ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات.


وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان