پڕۆژەی ئاوەڕۆ و شەقامی شەست مەتری ٨ی حەسارۆک تەواو بووە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەساڵی ٢٠٢٢ەوە بڕیاریداوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەندرێتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک و لەهەفتەی داهاتووشدا هەر سێ زۆنەکە کردنەوەی ڕێگاکانی بۆ دەکرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرجەم سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەهەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت و ئەو فەرمانگانە نەخشەکانی خۆیان دەهێنن لەبارەی ئەو بابەتانەی لێیان داواکرابوو بۆ دۆزینەوەی زەوی لەناو سنووری ماستەر پلانەکانیان، یان ئەوانەی پێویستیان بە فراوانکردنی ماستەر پلانەکانیان هەیە.
وەزیری شارەوانی گوتیشی: ١٥ ساڵ بوو گەڕەکی هەشتی حەسارۆکان بێ خزمەتگوزاری بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٢ەوە بڕیاردرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیندرێتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، پڕۆژەکانیش بریتی بوون، لە ئاوەڕۆ و پڕۆژەی گەیاندنی شەقامی ٦٠ مەتری کە شۆستەکانیشی تەواو بووە. ئێستا فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە لە زۆنی (ئەی) کە پێشتر بڕیاربوو شەقامی دووەمی ٦٠ مەتریان بۆ بکرێت، بەڵام ئێستا لەسەر داوای هاووڵاتیان کە داوایان کردووە ڕێگە بۆ ناو زەوییەکان بکرێتەوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی شارەوانی لە هەرسێ زۆنەکە دەست دەکات بەکردنەوەی ڕێگاکان. هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەو فەرمانگانەی پەیوەستن بە نەخشەدانانی ئاوەدانی شارەکانی کوردستان چەندین پڕۆژەی لەژێر دەستە و کاری لەسەردەکات.
پڕۆژەی تۆڕی ئاوەڕۆ و شەقامی ٦٠ مەتری هەشتی حەسارۆک بۆ گەڕەكی كەرتی هەشتی حەسارۆك جێبەجێدەكرێت و بە شێوەی ئاوەڕۆی سندوقی و ئاوەڕۆی لوولەیی دەبێت. پڕۆژەكەش بە سەرپەرشتیی ئەندازیاران و ڕووپێوان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێکراوە.