غەفور مەخموری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان: چارەسەری پرسی گەلی كوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکە تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە

رۆژی هەینی ٣ی ئایار، غەفور مەخموری، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كرد.

کۆڕبەندەکە لە هۆڵی کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو و لەلایەن کۆمسیۆنی تەنفیزی دەوڵەتی ئەحواز و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ڕێکخرابوو، کۆنفرانسەکە بە ئادەبوونی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی حزبە سیاسییەکان و نوێنەرانی نەتەوەکانی “کورد و عەرەبی ئەحواز و بەلوچ و کاسپیەن و ژمارەیەک لە کەسایەتیی بیانی دەستی بەکارەکانی کرد، غەفور مەخموری سكرتێری گشتیی YNDK لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا داوای هاوکاری و بەیەکەوە کارکردنی نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکەی کرد و گوتی: لەسەر ئێمەی نەتەوە بندەستەكان پێویستە كار بۆ هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن بكەین، بۆ ئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین. هەروەها مەخموری لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە سەر سەربەخۆیی کوردستان و گوتی: ئێمە وەكو YNDK چارەسەری پرسی گەلی كوردستان لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا دەبینینەوە، بەهەمان شێوە چارەسەری پرسی نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکە لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییاندا دەبینینەوە، واتە چارەسەری پرسی گەلی كوردستان و گەلانی ناوچەکە تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە، لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکار و پشتیوانی یەکدی بین.
لە سەرەتای وتارەکەیدا، مەخموری گوتی: بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی بەستنی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئاسایش و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەین و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنفرانسەتان ببێتە خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتن بۆ دۆزی ڕەوای گەلانی ناوچەکە. ئەم کۆڕبەندە لە كاتێكی هەستیاردا دەبەسترێت، جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە ڕەوشێكی زۆر هەستیار و ناسك و ئاڵۆزدان، لەلایەک شەڕی روسیا و ئۆکرانیا و لەلایەکی دیکە شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و هەروەها پیلان و هەڕەشە و هێرشی داگیرکەرانی کوردستان دژ بە گەلی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکە، ئەمانە هەر هەموویان کاریگەرییان بۆ سەر کوردستان و نەتەوەکانی دیکە هەیە و، چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەر و پێشهات دەكرێت، لەسەر ئێمەی نەتەوە بندەستەكان پێویستە كار بۆ هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن بكەین، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەدا هەماهەنگی نێوان نەتەوە بندەستەكان فاكتەری سەرەكی سەركەوتنمانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین، گەلی کوردستان لە ڕابردوودا هاوکار و هاوخەباتی گەلانی ناوچەکە بووە و رۆڵێکی کارای بینیوە لە بنیاتنانی شارستانییەتی ناوچەکەدا، ئەو ڕابردووە ئەوەمان پێدەڵێت کەوا ئێمە و گەلانی ناوچەکە دەکرێ لە ئێستا و داهاتووشدا هاوکار و هاوخەباتی یەکدی بین، هەمانگی نێوانمان دەبێتە فاکتەری قوڵکردنەوەو نوێکردنەوەی پەیوەندی هاوخەباتیمان.
هەر لە درێژەی وتەکانیدا، غەفور مەخموری گوتیشی: لەڕابردوودا نەتەوەكان بنیاتنەری ئیمپراتۆرییەتەكان بوون، لەئێستاشدا نەتەوە بندەستەكان دەتوانن فاكتەری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە چەوسێنەرەكان بن، وەك ئەوەی بینیمان كە چۆن یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و یوغسلافیا و چیكۆسلوڤاكیا هەڵوەشانەوە، بێگومان زەوتكردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەكان لەو وڵاتانەدا هۆكاری هەڵوەشانەوەی ئەو وڵاتانە بوو، دەكرێ‌ ئەمە بۆ زۆر وڵات ببێتە پەند و وانە، ئێمە وەكو YNDK چارەسەری پرسی گەلی كوردستان لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا دەبینینەوە، بەهەمان شێوە چارەسەری پرسی نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکەش لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییاندا دەبینینەوە، واتە چارەسەری پرسی گەلی كوردستان و گەلانی ناوچەکە تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە، لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکار و پشتیوانی یەکدی بین.
غەفور مەخموری زیاتر ئاماژەی پێدا: گەلی کوردستان و گەلانی چەوساوەی ناوچەکە وەکو گەلانی چەوساوە و هاوخەبات چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخوداندان و رووبەڕووی زوڵم و چەوسانەوە دەبنەوە، ئێمەی گەلی کوردستانیش ڕۆژانە لەلایەن داگیرکەرانی وەکو عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا ڕووبەڕووی زوڵم و چەوساندنەوە دەبینەوە، ئەوەتا حکوومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر درێژەدان بە جێبەجێکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن و برسیکردن لە دژی هەرێمی کوردستان و میلیشیا عێراقییەکان بەردەوام لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش لە ئاستیاندا بێدەنگە.
مەخموری ئەوەشی خستەڕوو: لەلایەکی دیکەوە، سوریاش بەم حاڵە خراپەی ئێستاشییەوە ئامادە نیە دان بە بوونی گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت و، لە لایەن سوریاوە هەموو شتێک لە کورد قەدەغە کراوە، سەرەڕای زوڵمی ئەو چوار دەوڵەتە، تا ئێستاش مەترسی و هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گەلی کوردستان ماوە، سوپاس بۆ خوا کەوا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا توانی کوردستان بپارێزێت و تیرۆریستان تێکبشکێنێت. بەڵێ، ئەوە ڕەوشی کوردستان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە، سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشی و هێرشانە خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستان بەردەوامە و لە پێشڤەچووندایە و، دڵنیاین لە داهاتووی نێزیکدا ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین. لەكۆتاییدا، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی گەلانی خۆڕاگری ناوچەکە دەكەین و بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانین و ئومێد دەخوازین لەداهاتووی نزیكدا سوود لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی ناوچەكە وەربگرین و بە مافە ڕەواكانمان بگەین، دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ ئەم کۆڕبەندە دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوامان و گەیشتنمانە بە مافە ڕەواكانمان.