لە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردووە، خەڵکی ئەو ناوچانەش، دەڵێن، بارودۆخی ناوچەکانی ئێمە زۆر خراپە و بەردەوام چاودێری جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەکەین. نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، ڕایگەیاند، لیوا ھاوبەشەکان لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی دەستبەکاردەبن، بەوەش کێشەی ئەو ناوچانە چارە دەبێت.
جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیاتر لە بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارەکانی عێراقە، بەجۆرێک کە گوندنشینان ھەستی پێ دەکەن و زۆرجار چەکداری داعشیان بەچاوی خۆیان بینیوە، بەتایبەتی لە گوندەکانی سەرگەڕان، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بووە، ھاووڵاتییانیش، دەڵێن، شەوانە تا بەیانی ناخەوین و پارێزگاری لە خۆمان دەکەین.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەتیش دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا دروستبوون، کە تاوەکو ئێستەش زۆرێک لەو ناوچانە بە بۆشایی ماونەتەوە، ھەمیشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ھۆشداری لەو بارەیەوە دەدرێت لەوەی ئەو بۆشاییانە بوونەتە ھۆی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژی گرووپ و ھێزە چەکدارەکان.
پێنج سەد و شەست و چوار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە، زۆرینەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دروستبوون و بەھۆی سەرەکیی ھێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش و کردە تیرۆریستییەکانی گرووپەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکان دادەنرێن.
دوا ڕووداو و کردەوەی تیرۆریستی ناوچەی بۆشایی ئەمنی، ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو، کە کاردانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێنا و جارێکی دیکە پرسی پڕنەکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە کەوتەوە بەرباس. شارەزایانی بواری سەربازی، دەڵێن: پێویستە ھەندێک بنکەی ھاوبەش ھەبن بۆ پاراستنی ھەموو بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان حکوومەی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، ئەو شوێنەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆشاییەکی ئەمنی زۆری لێیە، پاراستنی کێڵگەکە وەک پێویست نییە، بۆیە پێویستە خاڵی دیکەی ئەمنیی بۆ زیاد بکرێت، دەبێت سەرۆکوەزیران سوودانی ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە، بەڵام تا ئێستە ھیچ ھەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەناوە.
سەبارەت بە پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەتی عێراق دەکرێت، چونکە لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە یەکێک لە خاڵەکانی مەرجی بەشدارییان لە حکوومەتی ئێستەی عێراق، پڕکردنەوەی بۆشای ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، بەڵام تاوەکو ئێستە ئەو خاڵە وەکو زۆرینەی خاڵەکانی دیکەی تایبەت بە کورد لەو ھاوپەیمانێتییە جێبەجێ نەکراون.
مەترسییەکانی ڕێکخراوی داعش لە چەندین ناوچەی عێراق بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە بەردەوامی ھەیە، بۆیە بە پێویست زانرا چەند لیوایەکی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانە پێکبھێنرێت. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری لەو ڕاستییە گەیشتوون، ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان ھەیە، بەبێ ھێزی پێشمەرگە بەڕێوە ناچێت، دەشڵێت، بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە ھێزێکی مەعنەوی بە ھەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچانە دەدات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، دەشڵێ: بەم نزیکانە لیوا ھاوبەشەکان لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی کە ڕووبەڕەکەی پێنج سەد و شەست و چوار کیلۆمەترە دەستبەکار دەبن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەستبەکاربوونی لیوا ھاوبەشەکان و بڵاوەپێکردنیان لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە جموجۆلی چەکدارانی داعش دەکات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، باسی لەوەش کرد، بابەتە ئیدارییەکانی ھەر دوو لیوا ھاوبەشەکە تەواو بووە، بە شێوەیەک ئەگەر فەرماندەی یەک لە لیواکان عەرەب بێت، جێگرەکەی کورد دەبێت، ھەروەھا بە پێچەوانەشەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، گوتی: ھێزە چەکدارەکانی داعش شانەی نھێنییان زۆرە و لە زۆر ناوچە ھەن، ئەمەش ترسێکی گەورەی لای خەڵک دروست کردووە، چونکە خەڵک زیانی زۆری گیانی و ماددیان لە دەستییان بینیوە.
قایمقامی قەزای شنگال، گوتیشی: داعش لە عێراق و سوریا ھەیە و شنگالیش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ھەردوو وڵات و داعش بە ئاسانی ھاتووچۆ دەکات، ئەمەش وایکردووە بەردەوام ترس لای خەڵک دروست بێت بەتایبەت بۆ ئاوارەکان، گەڕانەوەیان زۆر قورستر دەبێت، چونکە داعش تا ئێستەش لە چالاکی و کردەوەکانی خۆی بەردەوامە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، ڕوونیشی کردەوە: ئەو ھێزە ئەمنیانەی لە شنگال ھەن جێی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ئێمە نین، چونکە ھەر گرووپێک لە شوێنێکە و بۆخۆیان پارێزگاری لێ دەکەن، بۆیە یەک ھێز نییە بتوانێ ئەمنیەتی شنگال و خەڵک بپارێزێت نا بتوانن متمانەیان پێ بکەن، ھەر بۆیە خەڵک بەو شێوەیەی ئێستە ھەیە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەتایبەت ئەگەر مەترسی و ھەڕەشەی داعش ھەبێت.