شاندێكی سێناتی ئەمەریكی بۆ نێچیرڤان بارزانی: لە پشتگیری هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكى كرد كه‌ له‌ سيناتۆر جۆنى ئێرنتس و سيناتۆر تێد با‌د و ژماره‌يه‌ك له‌ ياوه‌رانيان پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، تاوتوێ كرا.

شانده‌كه‌ به‌رده‌واميى پشتيگريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌مه‌ريكا وه‌ك هاوپه‌يمانێك بايه‌خ و گرنگى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌دات، هه‌روه‌ها ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌يان له‌ تێكشكاندنى داعش و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقدا كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى سێنات و كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كرده‌وه‌.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بابه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.