دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی لەبارەی قوتابییانی تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە دەركرد

لەمبارەیەوە وەزارەتەكە بە ئیمزای د.ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، لە گشتاندنێكدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی راسپاردووە كە هەر قوتابییەك لە هەر پۆل و قۆناغێكی خوێندن بێت بە تاقیكردنەوەی نیشتمانی و وەزاریشەوە، كە تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە بێت و چارەسەر وەربگرێت لە نەخۆشخانە، ئەگەر خۆی ئامادەیی تێدا بوو تاقیكردنەوە ئەنجام بدات، پێویستە لەلایەن لیژنەیەك كە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا دیاری دەكات، پرسیارەكانی بۆ ببردرێت بۆ نەخۆشخانە.

هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتووە كە هەر قوتابییەكی تووشبووی شێرپەنجە، ئەگەر ئاستی نەخۆشییەكەی بە جۆرێك پەرەی سەندبوو كە نەتوانێ لە وەرزی دووەمدا تاقیكردنەوە بكات و نمرەی وەرزی یەكەمی هەبێت، ئەوا نمرەی وەرزی یەكەمی بۆ هەژمار دەكرێت ئەگەر لە بەرژەوەندییدا بوو، یان لە خولی دووەمدا لەسەر 100 نمرە تاقیكردنەوە ئەنجام دەدات.