وەزیری کارەبا: دوو ڕۆژە کێلگەی کۆرمۆر کەوتووەتەوە کار

وەزیرانی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا باسیان لەهەماهەنگی و دۆخی کارەبا و هێرشە درۆنییەکەی سەر کێلگەی کۆرمۆر کرد.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراق هاوخەمی خۆی بۆ ئەو کارە تیرۆرستییە دەربڕی کە کرایە سەر کێلگەی کۆرمۆر.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراق، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ، سەردانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانمان کرد، هەروەها یەکەم خاڵ کە باسمان لێوەکرد هەماهەنگی بنیاتنەرە لەنێوان هەردوو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، هەوڵمانداوە پەیوەندییەکان بەهێز بکەین تاوەکو دۆخی کارەبا سەقامگیر ببێت.

گوتیشی: باسی کۆمەڵێک پڕۆژەمان کردووە و بەرێوەبەرایەتییەکانمان سەرپشک کردووە بۆ ئەوەی هەماهەنگی باڵایان هەبێت لە ئەگەری دروستبوونی هەر کێشەیەک، تاوەکو پێکەوە بڕیاری خێرا بدەین و قەیرانەکان بەزووترین کات تێپەڕێنین.

وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەو هەماهەنگییە لە قۆناغەکانی داهاتوو زیاتر دەبێت، بەشیوەیەک کە خزمەتی دۆخی کارەبای هەردووکامان بکات و خزمەت بەهاووڵاتیانمان بکات.

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەوتنەکاری کێلگەی کۆرمۆر گوتی: کۆرمۆر دوو ڕۆژ لەمەوبەر کەوتووەتەوە کار، دەشڵێت: لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجا، 420 ملیۆن پێ سێجا کەوتووەتەوە کار.

ئێوارەی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و دووانی دیکەش برینداربوون، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە لە ناوچەیەکی نزیک و لە ناوخاکی عێراقەوە کراوەتە سەر کێڵگەکە، هەر بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.